کانونی یه‌که‌م 12, 2023 15:15 Asia/Tehran

فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئیسراییل لە شەست و شەشەمین ڕۆژی باهۆزی ئەقسادا، دەستیان دایە بۆردومان کردنی ناوچەگەلێک لەوان شاری خان یونس و باکووری غەززە.

بەهۆی بۆردومانی ناوچەیەکی شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنی لە کەمپی ئەلمەغازی کە دەکەوێتە ناوەڕاستی کەرتی غەززە و ئاوارەکانی شەڕی ئەم دواییە تێیدا پەنایان گرتبوو، ٢٢ کەس شەهید بوون. لە لایەکی دیکەوە سەرچاوە هەواڵییەکان باسی شەڕ و پێکدادانی توندی نێوان خۆڕاگری فەلەستین و هێزی داگیرکەریان کردووە لە ناوچەگەلێکی ڕۆژهەڵاتی خان یونس کە دەکەوێتە باشووری کەرتی غەززە. هەروەها هەواڵگەلێکیش بڵاو بۆتەوە سەبارەت بە تێکهەڵچوونێکی قورس لە جەبالیا و گەڕەکی ئەشوجاعییە لە باکووری کەرتی غەززە. گوردانەکانی قەسام، لقی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، لە کاردانەوە بە تاوانە بەردەوامەکانی ڕژێمی زایۆنی لە دژی خەڵکی غەززە، تێلاڤیڤی بۆردومان کردووە. هەروەها گوردانەکانی قەسام ڕاشیگەیاند: شەڕ و پێکدادانێکی قورس لە نێوان چەکدارانی خۆڕاگری و هێزی کۆماندۆیی و یەکەی زرێپۆشی سوپای ڕژێمی زایۆنی لە ڕۆژاوای ئۆردوگای جەبالیا ڕوویداوە. گوردانەکانی قەسام ڕایگەیاند کە ژمارێک هێزی تایبەتی سوپای ڕژێمی زایۆنیی لە بینایەکدا لە بەیت لاهیا داوەتە بەر پەلامار و  ژمارەیەک لەو زایۆنییانەیان کوشتووە وژمارێکیشیان لێ بریندار کردوون.

هەروەها کەتیبەکانی قەسام لە بەیاننامەیەکی کورتدا ڕایگەیاند کە هێزەکانی دوو تانکی مێرکاوای سوپای داگیرکەری زایۆنییان لە میحوەری باکووری شاری خان یونس پێکاوە و لەناویان بردوون. سەرچاوە هەواڵییەکان هەروەها بڵاویان کردەوە کە پێکدادانێکی توند لە گەڕەکی ئەلقەساسیب لە جەبالیا ڕوویداوە، بە شێوەیەک کە هێزەکانی خۆڕاگری گەمارۆی ژمارەیەک تانک و سەربازی داگیرکەریان لە باشوور و ڕۆژاوای ناوچەی ئەلفالوجا لە باکووری کەرتی غەززە داوە. وتەبێژی سوپای ڕژێمی زایۆنی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە پێنج ئەفسەر و سەربازی دیکەی ئەم ڕژیمە لە کاتی شەڕی زەوینی لە کەرتی غەززە کوژراون و سەربازێکی یەدەگیش بریندار بووە.

هەروەها سەرچاوە عیبرییەکان دانیان بەوەدا ناوە بەوەیدا کە لانیکەم ١٠ موشەک تەقێندراوە بەرەو تێلاڤیڤ. سەرچاوەکانی ڕژێمی زایۆنی هەروەها باسی هێرشی مووشەکی نوێی خۆڕاگریی ئیسلامی لوبنان بۆ سەر باکووری فەلەستینی داگیرکراویان کرد. دوابەدوای ئەم هێرشە، سەرچاوە زایۆنییەکان ڕاپۆرتیان دا کە دەنگی ئاژیری وشدار لە ناوچە جیاجیاکانی ئەجەلیل لە باکوری فەلەستینی داگیرکراو بەرز بۆتەوە. هەروەها سەرچاوە زایۆنییەکان باسیان لەوە کردووە کە زەنگی ئاگادارکەرەوە لە شارۆچکە زایۆنی نشینەکانی مەعالوت و کەفارفەردیم لە باکووری فەلەستینی داگیرکراو لە نزیک سنووری لوبنان زرینگاوەتەوە.

سەرپەیڤ