جەهادی ئیسلامی: ئاڵای خۆبەدەستەوەدان هەڵناکەین
ئەندامی باڵای بزووتنەوەی جەهادی ئیسلامیی فەلەستین ڕایگەیاند، ئێمە تەسلیمی داگیرکەران نابین و ئاڵای سپی هەڵناکەین.
مەجدی عەززام، ئەندامی باڵای بزووتنەوەی جەهادی ئیسلامیی فەلەستین وتی: زیاتر لە حەفتا ڕۆژە بەرخۆدان دەکەین، لە کاتێکدا ژمارێک وڵاتی عەرەبی تەنانەت شەش ڕۆژیش توانای ڕاوەستان بەرامبەر بە ڕژێمی زایۆنییان نەبوو و قودسیان لەکیس چوو. عەززام وتیشی: کاتێک هەموو جیهان لە پشت ڕژێمی زایۆنییەوە وەستاوە، ئەوە نیشانەی بەهێزبوونی خۆڕاگریی فەلەستینە و ئێمە دەستکەوتێکمان هەبووە کە سوپای عەرەبی نەیتوانیوە بەدەستی بێنێت. ئەندامی باڵای بزووتنەوەی جەهادی ئیسلامیی فەلەستین وتی: بەڵام ئێمە ئەم وانەیەمان بە جیهان فێرکرد و ڕامانگەیاند کە غەززە دەتوانێ بەرەنگاری هەرکەسێک ببێتەوە کە پێی وایە دەتوانێت بچێتە نێو غەززەوە.
ئەم ئەندامە باڵایەی بزووتنەوەی جەهادی ئیسلامیی فەلەستین، بە ئاماژە بەوەی کە تەنانەت بێتوو هەر هەموومان شەهیدیش ببین، ڕێگا نادەین بزەی سەرکەوتن و سەربەرزی لەسەر ڕووخساری دوژمن دانیشێت، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: خۆڕاگری و بەرخۆدان بەردوامە و بیر و هزری خۆڕاگری لای گەل و خەباتکاری فەلەستین هەر یەکێکە و ئەمریکا ناتوانێ ئێمە بترسێنێ، تەنانەت ئەگەر هەموو سوپاکانی جیهانیش کۆبکاتەوە.