درێژەی شەڕ و پێکدادانەکان لە باکور و ناوەندی غەززە و تێکشکێندرانی شەش تانکی زایۆنییەکان
لە حەفیاو هەشتەمین رۆژی باهۆزی ئەقسا شەڕ وپێکدادانەکان لەباکور و ناوەندی غەززە لەنێوان داگیرکەرانی زایۆنیست و هێزە خۆڕاگرەکان بەقورسی بەردەوامەو زایۆنییەکان لەدرێژەی پەلامارەکانیان بۆسەر غەززەدا کەوتنە بۆسەی خۆڕاگریی و شەش تانکیان لێ تێکشکێندرا.
سەرچاوە هەواڵییەکان باس لە درێژەی شەڕ وپێکدادانی نێوان خەباتکارانی خۆڕاگریی فەلەستین و سەربازانی رژیمی زایۆنی دەکەن لە "دیرالبلح" هەڵکەوتوو لە ناوەند و ئۆردوگای جەبالیا لە باکوری غەززەو هاوکات سەرچاوە فەلەستینیەکانیش ڕایانگەیاند، ئاماری شەهیدانی دەسدرێژکارییە بەرفراوانەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی رژیمی زایۆنی بۆسەر خان یونس لەچەند کاتژمێری رابردوودا بۆ چل و دوو کەس زیادی کردووە.
هەروەها لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا، لانیکەم هەژدە فەلەستینی دیکە لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی رژیمی زایۆنیستی بۆسەر ماڵ و نشینگەی خەلک لە ئۆوردوگای "النصیرات" شەهید و ژمارێکی دیکەش بریندار بوون.
میدیا زایۆنییەکانیش ڕایانگەیاند کە چەکدارێکی دیکەی ئەو رژیمە لە شەڕی غەززە ، کوژراوە.
گوردانەکانی قودس، لقی سەربازیی بزووتنەوەی جەهادی ئیسلامیی فەلەستینیش ڕایگەیاند: خەباتکارانی خۆڕاگریی بە تێگرتنی گولـلە هاوەن، هێزە زایۆنییەکانیان لە دەورووبەری ناوچەی "ام المهد" هەڵکەوتوو لە رۆژهەڵاتی خان یونس کردە ئامانج.
بزووتنەوەی خۆڕاگریی فەلەستین(حەماس)یش ڕایگەیاند: خەباتکارانی خۆڕاگریی فەلەستین توانیان پێنج تانکی رژیمی زایۆنی لە جەبالیا هەڵکەوتوو لە باکوری غەززە تێک بشکێنن.
هاوکات، ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنور ڕایگەیاند: بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش بەشێوەیەکی دڵتەزێن، وەڵامدەری چارەسەریی قەیران لە غەززە نییە.
وتەبێژی مانگی سوری فەلەستین لە غەززەش ڕایگەیاند: ئەو یارمەتییانەی گەیشتووەتە غەززە، زۆر کەمەو لەبەرامبەر وێرانبوونی داڕشتی تەندروستی و پزشکیی غەززە، هیچ بایخێکی نییە.