کانونی یه‌که‌م 30, 2023 08:00 Asia/Tehran

هەشتا و چوارەمین ڕۆژی پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر غەززە و کەرتی ڕۆژاوا ئەمڕۆ (هەینی) لە کاتێکدا دەستی پێکرد کە سەفەری شاندێکی حەماس بۆ مسر بە مەبەستی لێکدانەوەی چۆنیەتی گۆڕینی دەستبەسەرکراوی ئیسراییلی بە دیلی فەلەستینی، ناکۆکی لە سەر سەردەمی پاش شەڕ لە نێو کابینەی زایۆنییەکاندا و درێژەی هێرشەکان بۆ سەر غەززە و پەلاماردرانی کەرتی ڕۆژاوا، لە پێشهاتە هەرە گرینگەکانی ئەمڕۆی فەلەستینی داگیرکراو دێنەئەژمار.

شەڕی دڕندانەی سوپای داگیرکەری ئیسراییل دژی غەززە لەکاتێکدا پێی ناوەتە هەشتا و چوارەمین ڕۆژی خۆیەوە کە  بۆردومانی ناوچە مەدەنییەکانی کەرتی غەززە هەر بەردەوامە، ئەو بۆردومانانەی کە بە هەزاران شەهید و دەیان هەزار برینداریان لێکەوتۆتەوە. گرووپەکانی خۆڕاگریی فەلەستین لە چەند بەرەیەکدا بەرەنگاری ئۆتۆمبێلەکانی سوپا و هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنی دەبنەوە. لەڕووی دیپلۆماسییەوە سەرکردەکانی ڕژێمی ئیسراییل تاوتوێی پێشنیارێک دەکەن کە لەلایەن حکومەتی قەتەرەوە هاتۆتە ئاراوە سەبارەت بە ڕێککەوتنی شیمانەیی لەسەر گۆڕینەوەی زیندانییەکان لەگەڵ حەماس.

هەروەها لە هێرشی ئاسمانی زایۆنییەکاندا بۆ سەر چەن ماڵێکی کەمپی نەسیرات ٢٠ کەس شەهید بوون و دەیان کەسیش بێسەروشوێن بوونە، پاش بۆردومانکرانی ماڵێک لە دێر ئەلبەلح لە ناوەڕاستی کەرتی غەززەیش ژمارەیەک بریندار گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا. بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی هەواڵ، ژمارەی شەهیدانی تەقینەوەی شوقەیەک لە کەمپی ئەلمەغازی گەیشتۆتە ٨ کەس. مانگی سووری فەلەستینیش ڕایگەیاندووە کە لە ئەنجامی بۆردومانکرانی ماڵێک لە کەمپی ئەلمەغازی لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە لە لایەن ڕژێمی زایۆنییەوە، ٣ کەس شەهید بوون و ٦ کەسی دیکەش بریندار بوون. میدیا فەلەستینییەکان ڕایانگەیاندووە کە تێکهەڵچوونی تووند لە نێوان خەباتکارانی خۆڕاگریی فەلەستین و هێزەکانی سوپای داگیرکەری ئیسراییل لە دەڤەری ئۆردوگای پەنابەرانی ئەلبەریج  لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە ڕووی داوە. هەروەها لە زۆرێک لە میحوەرەکاندا  شەڕ و پێکدادنێکی قورس   لەگەڵ هێزەکانی سوپای داگیرکەر بەردەوامە.

سەرپەیڤ