کانونی دوھەم 04, 2024 10:00 Asia/Tehran

وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە غەززە لەدوائاماری خۆیدا ڕایگەیاند کە لە ئاکامی هێرشەکانی سوپای رژیمی زایۆنی بۆسەر کەرتی غەززە لە حەوتی ئۆکتۆبرەوە تائێستا، بیست و دوو هەزار و سێ سەت و سێزدە کەس شەهیدو پەنجاو حەوت هەزار و دووسەت و نەوەد و شەش کەسیش بریندار بوون.

وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە غەززە ڕایگەیاند؛ سوپای رژیمی زایۆنی لە بیست و چوار کاتژمێری ڕابردوو، بە ئەنجامدانی دە حالەتی تاوانکارانە، سەت و بیست و هەشت فەلەستینی شەهیدو دووسەت و شەست و یەک کەسی دیکەی بریندار کرد. ئەو ئامارە لەکاتێکدا ڕادەگەیێندێ کە رەوشی خەڵکی غەززە زۆر قەیرانییەو بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاندووە ، بەرەوڕووی کارەساتێکی مرۆیی سامناکین.

لە هەواڵێکی دیکەی هاوپێوەنددا هاتووە، سوپای رژیمی زایۆنیش دانی ناوە بە برینداربوونی سێزدە چەکداری لە غەزەو ڕایگەیاندووە، حاڵی حەوت کەس لەو زایۆنییە بریندارانە شپرزەیە.

چەند کاتژمێر پێش ئێستاش رژیمی زایۆنی ڕایگەیاند کە ئەفسەرێکی دیکەی ئەو رژیمە لە بەشی ئەندازیاریی چەک سەر بە یەکەی "یاهلوم" لە تێکهەڵچوونەکانی باکوری غەززە کوژراوە.

ئەو رژیمە هەروەها هەواڵی کوژرانی چەکدارێکی دیکەی لە میحوەرەکانی شەڕی باکوری غەززە ڕاگەیاند. گوردانەکانی عیزەدین قەسسامیش باسی شەڕ و پیکدادان لەگەڵ تاقمێکی پێنج کەسیی سوپای زایۆنی کرد لە مەودای نزیکەوەو هەروەها کوژرانی هەمووی ئەوان.

گوردانەکانی قەسسام هەروەها تانکێکی زۆر پێشکەوتووی جۆری مێرکاوای سوپای رژیمی زایۆنی بە رۆکێتی ئەلیاسینی سەت و پێنج لە رۆژهەڵاتی ئۆردوگای ئەلبریج لە ناوەندی کەرتی غەززە، پێکاو تێکی شکاند.

سەرپەیڤ