نەوەدو چوارەمین رۆژی پەلامارەکانی رژیمی زایۆنیستی بۆسەر کەرتی غەززەو لێواری رۆژاوا
پەلامارەکانی رژیمی داگیرکەر بۆسەر کەرتی غەززە و لێواری رۆژاوا لەکاتێکدا ئەمڕۆ دووشەممە چووەتەنێو نەوەدو چوارەمین ڕۆژەوە کە ئەو رژیمە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە پەلاماری هۆڤانەو شێتانەی بۆسەر خان یونس لە غەززە، ژمارێکی دیکە لە فەلەستینیەکانی خەڵتانی خاک و خوێن کرد.
سەرچاوە هەواڵییەکانی رژیمی زایۆنی هەواڵی بۆردومانی بەرفراوانی ناوچە جیاجیاکانی خان یونس لە باشوری کەرتی غەززەیان ڕاگەیاند کە لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممەدا ئەنجامی گرت. لەو پەلامارانەدا سوپای رژیمی زایۆنیستی بەشێوەیەکی بەربڵاو و شێتانە، ناوچەگەلێکی لە خان یونس بۆردومان کرد. فڕۆکە شەڕکەرەکانی رژیمی زایۆنی هاوکات لەگەڵ ئەو پەلامارانە، ناوەندی شاری رەفەح لە باشوری کەرتی غەززەشیان بەقورسی بۆردومان کرد. شەوی ڕابردووش رژیمی زایۆنیستی خانووبەرەی "ئەبوو عەلبە" لەناوچەی "الفالوجا" لە جەبالیا هەڵکەوتوو لە باکوری کەرتی غەززەی بەئامانج گرت کە بەهۆیەوە، حەفتا کەس کە زۆربەیان ژن ومنداڵن شەهید بوون. تاوانکاریی زایۆنییەکان لە غەززە لەکاتێکدا درێژەی پێ دەدرێ کە ئانرۆوا لەدواڕاپۆری خۆیدا بەڕاگەیاندنی ئەوەی کە دۆخی پەناگەو شوێنی حەوانەوەی ئاوارە فەلەستینیەکان، دۆخێکی ئاڵۆزکاو و قەیرانییە، پێی داگرت لەسەر ئەوەی ڕێژەی حەشیمەتی ئاوارەکان لە پەناگەکان بەجۆرێکە کە ئیدی ناتوانن هیچ ئاوارەیەکی دیکەی فەلەستینی وەرگرن. پەلاماری قورسی زایۆنییەکان بۆسەر ئۆردوگای ئەلمؤغازی لە کەرتی غەززەو شەقامی سەلاحەدین لە دێرولبەلەح لە ناوەندی کەرتی غەززش هەروا بەردەوامەو لە درێژەی پەلامارەکانی سوپای داگیرکەری زایۆنی بۆسەر ماڵێک لە دێرولبەلەح لە ناوەندی کەرتی غەززە، هەشت کەس شەهید و دەیان کەسیش بریندار بوون.
لەلایەکی دیکەوە موقاوەمەی فەلەستینیش رۆژی رابردوو لە بۆسەی جیاجیاداو هەڵمەتی لەناکاو، زەبری قورسی لە زایۆنییەکان داو موقاوەمەی عێراقیش لە هەڵمەتێکدا جەولانی داگیرکراوی مووشەکباران کرد.
حیزبوڵڵای لوبنانیش دوێنێ و دوێشەو دە هەڵمەتی لەدژ رژیمی زایۆنی ئەنجامداو لەو هەڵمەتانەدا پێنج گردبوونەوە، دوو پێگە، دوو سەربازگەو هەروەها تانکێکی جۆری مێرکاوای سوپای زایۆنی کردە ئامانج. سەرچاوە عیبریەکانیش رایانگەیاند، لە لوبنانەوە مووشەکێک گیراوەتە شارۆچکەی زایۆنی نشینی "کریات شەمونە". سەرچاوە هەواڵییەکان هەروەها رایانگەیاند؛ فڕۆکە جەنگییەکانی رژیمی زایۆنی، گردووپەڕی شارۆچکەی "عیتا الشعب" لە باشوری لوبنانیان بۆردومان کردووە.