کانونی دوھەم 15, 2024 12:00 Asia/Tehran

سەد ڕۆژ تێپەڕیوە لە دەسپێبوونی دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە؛ لە کاتێکدا کە کوشتن و خوێنرشتنی داگیرکەران دژ بە خەڵکی مەدەنیی غەززە بەردەوامە و خۆڕاگریش هێشتا هەر توانای شەڕ کردن و بەرەنگاربوونەوەی دوژمنی زایۆنی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کەرتی غەززەی هەیە.

شاروومەندانی غەززە سەدەمین ڕۆژی شەڕیان بە بۆردومان کرانی ماڵە مەدەنییەکان لە ئۆردوگای ئەلمەغازی و ئەلبەریج دەست پێ کرد.

شاری دەیرولبەلحیش وەبەر پەلاماری قورسی تۆپخانەیی ڕژێمی زایۆنی کەوت. وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین ڕێژ و ئامارێکی لە سەدەمین ڕۆژی پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەەرتی غەززە بڵاو کردۆتەوە. 

بە پێی ڕاگەیاندنی وەزارەتیی تەندرووستیی فەلەستین ڕەوشی تەندرووستیی ئەم ناوچەیە گەلێک کارەساتبارە و ئیمکاناتی بە هیچ لەونێ پێداویستییەکانی دانیشتوانی غەززە دابین ناکات. 

ئەم وەزارەتخانەیە لە راپۆرتەکەیدا باس لەوە دەکات کە ڕژێمی داگیرکەر بە شێوازێکی دڕندانە پاش سەد ڕۆژ هێشتایش هەر بەردەوامە لە کوشتار و ژینۆسایدی فەلەستینییەکان و ئێستاکە تەنیا شەش ئامبوڵانس لە غەززەدا پەکیان نەوکەوتووە و کاریان پێ دەکرێ.

وەزارەتیی تەندرووستیی فەلەستین هەروەها داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە کەرەستەی پزشکی و شت و مەکی پێویستی زیاتر بنێرن بۆ نەخۆشخانەکانی غەززە. 

سەرپەیڤ