سەدو یەکەم ڕۆژی هەڵمەتەکەی باهۆزی ئەقساو بەردەوامیی پەلاماری زایۆنیستەکان بۆسەر غەزەو لێواری ڕۆژئاوا
لە سەدو یەکەم ڕۆژی پەلاماری دڕندانەی ڕژیمی زایۆنیستی بۆسەر کەرتی غەزە سەرچاوە هەواڵدەریەکان سەرلەبەیانی ئەمڕۆش رایانگەیاند کە لەئاکامی هەڵکوتانی ئەو زایونیستانە بۆسەر خانیۆنس سی فەلەستینی دیکە شەهید بوون.
لەکاتێکدا کە ڕژیمی زایونیستی لەدوای سەد ڕۆژ هێشتا نەیتوانیوە زایونیستە گیراوەکانی خۆی ڕزگار بکا و ئەوەش بۆتە کێشەیەک بۆ نەتەنیاهۆ، گوردانەکانی قەسام فیلمێکیان لە چەند گیراوی زایۆنیست بڵاو کردۆتەوە کە ڕایگەیاندوە کە ئەمڕۆ لەپەیوەند لەگەڵ چارەنوسیان لێدوانێک دەدا.
لەلایەکی دیکەوە چەکدارانی زایۆنیست هاوکات لەگەڵ پەلامارە دڕندانەکەیان بۆسەر کەرتی غەزە، هەروا بەردەوامیشن لەسەر هەڵکوتانە سەر شارو کەمپ و زانکۆکانی لێواری ڕۆژئاوا، کەمپەینێکی بەربڵاو لە قەڵاچۆو گرتنی فەلەستینیەکان لە دەڤەرە جۆربەجۆرەکانی لێواری ڕۆژئاوا وەڕی خستوە.
سەرچاوە هەواڵدەریە فەلەستینیەکان هەر ئەمڕۆ ڕایانگەیاند کە زایونیستەکان ژومارەیەک خوێندکاری مانگرتووی نێو زانکۆی نەجاحی نابلۆسیان دەستبەسەرو بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستوون.
لەلایەکی دیکەوە سامی ئەبووزوهری ئەندامی حەماس ڕایگەیاند کە خۆڕاگری لە غەزە ئەو توانایەی هەیە کە هەروا بەردەوام و خۆڕاگر بێ لە شەڕ بەدژی داگیرکەران تەنانەت بۆماوەیەکی درێژیش و دوژمنی زایونیست هیچکات ناتوانێ ئامانجەکەی خۆی کە گۆیا لەنێوبردنی حەماسە وەدی بهێنێ.