کانونی دوھەم 23, 2024 12:30 Asia/Tehran

لەکاتێکدا کە شەڕ لە غەززە چۆتەنێو سەد وهەشتەمین رۆژی خۆیەوە، موقاوەمەی فەلەستین لەچەند شوێنی شاری خان یونس، بەقورسی شەڕ دەکاو فڕۆکە جەنگییەکانی داگیرکەرانیش پەلامارەکانی بۆسەر ئەو شارە لە باشوری کەرتی غەززە، تاوپێداوەو دانیشتووانی باکوری غەززە بەرەوڕووی قات و قڕین.

وەزارەتی تەندروستیی غەززە لەبارەی دۆخی خان یونس وتی: داگیرکەران لە ڕۆژاوای خان یونس، تاوانێکی سامناک دەکەن. دەیان شەهیدو بریندار هەروا لەسەر شەقام و جاددەکان کەوتوون. داگیرکەرانی زایۆنی پێش دەگرن بە هاتوچۆی ئەمبوڵانسەکان بۆ بردنەدەری شەهیدان و برینداران لە رۆژاوای خان یونس. وەزارەتی تەندروستی لە غەززە پێی داگرت: داگیرکەران لە٢٤کاتژمێری ڕابردوو، بیست جار هەڵیانکوتاوەتەسەر غەززە کە ١٩٠ شەهیدو٣٤٠برینداری لێکەوتووەتەوە.

وەزارەتی تەندروستیی غەززە هەروەها ڕایگەیاند، ژماری شەهیدان لە حەوتی ئۆکتۆبرەوە تائێستا گەیشتووەتە٢٥هەزارو٢٩٥کەس وژماری بریندارانیش بۆ٦٣هەززار کەس .

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی غەززەش ڕایگەیاند، رژیمی داگیرکەر هێرشی کردەسەر نەخۆشخانەی "ئەلخەیر" هەڵکەوتوو لە رۆژاوای خان یونس و ستافی پزیشکی قۆڵبەست کرد.

هاوکات سەرچاوە هەواڵییەکان دەڵێن، سوپای داگیرکەر لەهەوڵی هەڵدانەوەی گۆڕەکانە لە گۆڕستانی خان یونس.

بەپێی هەواڵێکی دیکە، سوپای داگیرکەر٣٠هەزار ئاوارەی لە خان یونس کردۆتە ئامانج. 

نووسینگەی میدیایی حکومەتی لە غەززە وتی: داگیرکەران٣٠هەزار ئاوارەیان لە پێنج پەناگە لە خان یونس کردۆتە ئامانج. هەروەها ئۆتۆمبیلەکانی داگیرکەران دزەیان کردۆتەنێو شاری خان یونس و زانکۆی ئەلئەقسایان لەژێر ئاگری قورسی تۆپباران و شەڕدا گەمارۆ داو بەرلەوە، کۆمەڵێک پەلاماری ئاسمانیی قورسیان ئەنجامدا بۆسەر گەڕەکەکانی شارەکە.

خۆڕاگریی ئیسلامیی لوبنانیش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بۆ پاڵپشتیی لە خۆڕاگری و خەڵکی فەلەستین لە غەززە، بە چەکەمەنی شیاو، پێگەی"الراهب" ی رژیمی زایۆنی کردۆتە ئامانج و مووشەکەکان راستەوخۆ وە ئامانجەکە کەوتوون. هاوتەریب لەگەڵ داواکارییە جیهانییەکان بۆ وەستاندنی تاوانکاریی زایۆنییەکان لە غەززە، وەزیری دەرەوەی بەلژیک جەختی کرد لەسەر پێویستیی دامەزرانی ئاگربەسی خێرا لە کەرتی غەززەو گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بە خەڵکی بێ دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە. یەکێ لە فەرماندەری پێشووی سوپای رژیمی زایۆنیش لە کاردانەوە بە هەڕەشەو گوڕەشەکانی ئەو رژیمە سەبارەت بە شەڕی دژ بە لوبنان وتی: حیزبوڵڵا بەهێزترە لە حەماس و شەڕی دژ بەو دژوار دەبێ.

سەرپەیڤ