کانونی دوھەم 24, 2024 10:15 Asia/Tehran

ژێدەرە فەلەستینییەکان هاوکات لەگەڵ دەسپێبوونی سەد و نۆیەمین ڕۆژی دەسدرێژییەکانی سوپای زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە، رایانگەیاند کە داگیرکەران دەستیان داوەتە پەلامارێکی بەربڵاویان بۆ سەر ناوچەگەلێکی کەرتی ڕۆژاوا و قودسی داگیرکراو.

سەد و نۆیەمین ڕۆژی دەسدرێژییەکانی سوپای زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە و کەرتی ڕۆژاوا لە کاتێکدا ئەمڕۆ دەست پێبووە کە میدیای فەلەستین ئەلیەوم ڕاپۆرتی داوە کە هێزەکانی سوپای زایۆنی لاوێکی فەلەستینییان لە شاری عەزوون لە ڕۆژهەڵاتی قلقلیە لە کەرتی ڕۆژاوا قۆڵبەست کردووە. داگیرکەران هەروەها پەلاماری شارۆچکەی ئەلخزر لە باشووری بەیت لەحم و ناوچەی حارە عەقەبە لە بەشی کۆنی شاری نابلۆس لە کەرتی ڕۆژاوایان داوە. بەم حاڵەشەوە گرووپەکانی خۆڕاگریی فەلەستینیش توانیویانە لە ماوەی شەو و ڕۆژی رابردوودا زەبرێکی قەرەبوونەکراو لە داگیرکەران بدەن. کەناڵی هەواڵیی ئەلمەیادین راپۆرتی داوە کە شەوی ڕابردوو سێ هەلمەتی جیا جیا دژ بە هێزەکانی ڕژێمی زایۆنی ئەنجام دراوە و تا ئێستا سوپای ئیسراییل ئەوەی نەدرکاندووە. میدیا زایۆنییەکانیش باسی هەڵمەتی سەرکەوتووانەی گرووپەکانی خۆڕاگری لە خان یونس و کوژرانی چەند سەربازی زایۆنییان کردووە.

وتەبێژی سوپای ڕژێمی زایۆنی دانی ناوە بەوەیدا کە ٢٤ ئەفسەر و سەربازی ئەم ڕژێمە لە ناوەراستی کەرتی غەززە کوژراون. هەروەها دەگوترێ کە دەیان هێزی زایۆنیش لە شەڕ و پێکدادانەکانی باشووری کەرتی غەززە کوژراون.

گوردانەکانی شەهید «عزالدین القسام» ڕایگەیاندووە کە بە ڕاکتی یاسینی ١٠٥ ، ترۆمبیلێکی سەربازهەڵگری زایۆنییەکانی لە خان یونس  هەڵکەوتوو لە باشووری کەرتی غەززە تیا بردووە. ئەم هێزانە هەروەها باسی تیابردنی تانکێکی زایۆنییەکان و  شەڕ و پێکدادان لەگەڵ داگیرکەران لە ڕۆژاوای شاری خان یونسیان کردووە. خۆڕاگریی ئیسلامیی حیزبوڵڵای لوبنانیش بە دەرکردنی بەیاننامەیەک باسی کوتانی بنکەی سەربازیی میرۆنی کردووە کە مۆڵگەی هێزەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنییە لە سنووری فەلەستینی داگیرکراودا. 

شەڕی ڕژێمی زایۆنی دژ بە خەڵکی غەززە لە کاتێکدا پێی ناوەتە سەد و نۆهەمین ڕۆژی خۆی کە ئەم ڕژێمە بەشێوەیەکی شێتانە و کوێرکوێرانە بەردەوامە لە کوشتن و قەڵاچۆ کردنی خەڵکی بێ دەرەتانی غەززە و لای بیر و ڕای گشتیی تەواو بێزلێکراوتر بووە و کەوتۆتە بن پێ و شوێنگرتنی یاسایی و داخوازی دادگەیی کرانی وڵاتانی جیهانەوە. 

بە پێی دوایین ڕێژە و ئاماری ڕاگەیەندراو لە لایەن وەزارەتی تەندرووستیی غەززەوە، ژماری شەهیدانی غەززە لە دەسپێکی باهۆزی ئەقساوە لە حەوتی ئۆکتۆبرەوە تا ئێستا گەیشتۆتە  ٢٥٤٩٠ کەس و ژماری بریندارانیش گەیشتۆتە ٦٣ هەزار و ٣٥٠ کەس.

سەرپەیڤ