کانونی دوھەم 29, 2024 10:30 Asia/Tehran

پەلاماری دڕندانەی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ناوچە جۆراوجۆرەکانی کەرتی غەززە بەردەوامە.

دەسدرێژیی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر غەززە لە کاتێکدا پێی ناوەتە سەد و چواردەیەمین ڕۆژی خۆیەوە کە ئەم ڕژێمە لە سەرلێشێواوییەکی تەواودا بەردەوامە لە کوشتنی خەڵکی بێ دەرەتانی غەززە، لە بیروڕای گشتیی جیهاندا دزێوتر و بێزلێکراوتر بووە و لە لایەن وڵاتانی جیهانەوە کەوتۆتە بن پێ و شوێنگرتنی یاساییەوە. ڕژێمی زایۆنی لە ماوەی زیاتر لە سێ مانگی ڕابردوودا بە توند و تیژییەکی بەرچاو و بە شێوەیەکی بەرفراوان تاوانی جەنگی دژی خەڵکی کەرتی غەززە ئەنجام داوە. لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمڕۆی هێزەکانی داگیرکەری زایۆنی بۆ سەر "جوره العقاد" لە خان یونس، کەسێک شەهید بووە و چەند کەسێکی تریش بریندار بوون. سەرچاوە فەلەستینییەکان باسی هێرشی زایۆنییەکان بۆ سەر ماڵی خەڵکی مەدەنییان کرد لە شەقامی ئەلبەحری خانیونس لە باشووری کەرتی غەززە کە شەهید و بریندار بوونی چەن کەسی لێکەوتەوە. تۆپخانەکانی ڕژێمی زایۆنی "بەیت لاهیا"یان لە باکووری کەرتی غەززە تۆپپاران کرد. لە هەمان کاتدا داگیرکەران ناوچەکانی باشووری ڕۆژاوای غەززەیان گوللەباران کرد. ئەشرەف ئەلقەدەرە، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند: لە ساردخانەی ناوەندی پزیشکی ناسردا ٣٠ شەهید هەن کە شوناس و ناسنامەیان نادیارە. زۆرێک لە تەرمی شەهیدان لەسەر زەوی و لە شەقامەکاندا بەجێماوە، و هێزە زایۆنییتەکان ڕێگری دەکەن لە ناشتنیان”.

وەزارەتی تەندروستیی غەززە لە نوێترین ئاماری خۆیدا، بە ئاماژە بەوەی کە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٦٥ فەلەستینی شەهیدبوونە ، راشیگەیاند کە ڕژێمی زایۆنیش لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٩ جەنایەتی لە کەرتی غەززە ئەنجام داوە کە بە هۆی ئەو جەنایەتانەوە ١٦٥ کەس شەهید بوون و ٢٩٠ کەسی دیکەش بریندار. بەم شێوەیە ژماری شەهیدانی دەستدرێژیی زایۆنییەکان لە سەرەتای شەڕی غەززەوە گەیشتووەتە ٢٦ هەزار و ٤٢٢ شەهید و ٦٥ هەزار و ٨٧ بریندار.

هەروەها ڕۆژنامەی ئیسراییلی "مەعاریۆ"-یش نووسی: زۆربەی زایۆنییەکان خوازیاری کۆتایی هاتنی هەڵمەتی سەربازیی ڕژێمی ئیسراییل لە کەرتی غەززەن و تێلاڤیڤ بە دۆڕاوی سەتاسەدی شەڕی غەززە دەزانن.

سەرپەیڤ