بەردەوامبوونی ژینۆسایدی ئەمریکا و ئیسراییل دژ بە غەززە
لە درێژەی ژینۆسایدی ئەمریکا و ئیسراییل دژ بە غەززە، فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەی ڕژێمی زایۆنی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئەم کەرتە بەتایبەت خان یونسیان بۆردومان کرد و بوونە هۆی شەهید و بریندار بوونی سەدان فەلەستینی.
فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەی ڕژێمی داگیرکەر سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی درێژەیان دا بە پەلاماردانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی غەززە بەتایبەت خان یونس و دەستیان دایە بۆردومانکردنی ماڵەکان، ئۆردوگاکان و پەناگەکانی ئاوارەکان و شەقامەکانی ئەم ناوچەیە، کە بە هۆی ئەو بۆردومانانەوە، سەدان فەلەستینی شەهید و بریندار بوون، هەروەها فڕۆکەکانی داگیرکەران ڕۆژهەڵاتی شاری ڕەفەحیان خستە ژێر بۆدرومانێکی قورسەوە.
بە هۆی پەلاماری سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینیی ڕژێمی زایۆنی و بۆردومان کردنی ماڵێک لە ڕۆژهەڵاتی ڕەفح لە باشووری کەرتی غەززە، چوار فەلەستینی دیکە شەهید بوون. هەروەها تەرمی ١٢ ئەندامی بنەماڵەیەک کە بە هۆی بۆردومان کرانی گەڕەکێکی ناوەڕاستی خان یونس شەهید ببوون، لە ژێر دار و پەردوو هێنرانەدەرەوە.
وەزارەتی تەندرووستیی غەززە دوێنی پێنجشەممە لە دوایین ڕێژ و ئاماری خۆیدا ڕایگەیاند هەژماری شەهیدان سنووری ٢٧٠٠٠ کەسی تێپەڕاندووە. دوکتۆر ئەشرەف ئەلقەدرە وتەبێژی وەزارەتی تەندرووستیی غەززە لە سەد و هەژدەهەمین ڕۆژی شەڕی غەززە، وتی کە ژماری شەهیدان گەیشتۆتە ٢٧٠١٩ کەس و هەژماری بریندارەکانیش ۶۶۱۳۹ کەسە.