شەهیدبوونی 18 فەلەستینی لەئاکامی بۆردومانی ماڵێک لە ڕەفەح
فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕژیمی زایۆنیستی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ماڵێکیان لە دەڤەری نەسری باکووری شاری ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەزە بۆردومان کرد کە لەئاکامی دا 18 کەس شەهیدو تاقمێکیش بریندار بوون.
پەلاماری ئاسمانی زایۆنیستەکان هاوکات گەڕەکەکانی جنینەی ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح"یشیان کردە ئامانج و هەواڵدەری مەیادینیش ڕایگەیاند کە بۆردومانی کەمپی جەلیلە لەلایەن ڕژیمی زایۆنیستیەوە بۆتە هۆی شەهیدو برینداربوونی چەند هاووڵاتی فەلەستینی لەو شوێنە.
هاوکات وەزیری دەرەوەی نوروێژ لە گوتارێک دا وێڕای ڕەخنە لە بەردەوامی بۆردومانەکانی باشووری غەزە لەلایەن ئەو ڕژیمەوە پێداگریشی کرد کە هەرچەشنە پەلامارێکی وشکانی بۆسەر ڕەفەح دۆخی کارەساتباری هەنووکە خراپتر دەکاو دەبێتە هۆی ئەوەی کە گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بەو کەرتە بە سەختیەکی زۆرترەوە بەڕێوە بچی.
لەلایەک دیکەوە جۆزێف بۆرێلی بەرپرسی سیاسەتی دەرەکی یەکیەتی ئوروپاش وێرای ڕاگەیاندنی نیگەرانی خۆی لە ڕوداوکانی غەزە وتویەتی کە ڕاپۆرت سەبارەت بە ئەگەری پەلاماری وشکانی زایۆنیستەکان بۆسەر ڕەفەح جێگەی نیگەرانیە.
ناوبراو وتویەتی کە پەلاماردانی ڕەفەح لێکەوتەی کارەساتباری مرۆیی دەبێ و دەبێتە هۆی قوربانی بوونی خەڵکێکی زۆری سڤیل.
بۆرێل بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندوە کە هەنوکە ملوێنێک و چوارسەد هەزار فەلەستینی لە ڕەفەح ئاوارەن و هیچ شوێنێکی دڵنیا نیە کە پەنای بۆ بەرن و ڕوبەڕووشن لەگەڵ برسیەتی و قات وقڕی.