سەد و سی و شەشەمین ڕۆژی ژینۆساید لە غەززە، دووەم گەورەترین نەخۆشخانەی کەرتی غەززە داخرا
دەسدرێژی و جەنایەتەکانی داگیرکەرانی زایۆنی دژ بە خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە و هاوکات لە کەرتی ڕۆژاوا پێی نایە سەد و سی و شەشەمین ڕۆژی خۆیەوە و ئەمڕۆیش ژمارێک لە فەلەستینییە بێ تاوانەکان لە خاک و خوێندا گەوزێندران.
سوپای ڕژێمی زایۆنی لە هەمان کات و ساتەکانی دەسپێکی ڕۆژی دووشەممە و لە سەد و سی و شەشەمین ڕۆژی دەسدرێژی و جەنایەتەکانی دژ بە فەلەستینییەکان، دەستیان دایە پەلاماردانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کەرتی غەززە.
فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنی ماڵی خەڵکی مەدەنییان لە باکووری کەرتی غەززە بۆردومان کرد کە شەهید و بریندار بوونی ژمارێکی دیکە لەو خەڵکە بی دەرەتانەی لێکەوتەوە.
لەلایەکی دیکەوە ژێدەرە هەواڵییەکان باسی ئەوەیان کردووە فڕۆکە جدەنگییەکانی داگیرکەران لە یەکەم کاتژمێرەکانی ڕۆژی دووشەممە دەیرولبەلحیان بۆردومانێکی قورس کردووە.
هاوکات لەگەڵ بەردەوام بوونی شەڕی دژ بە غەززە، هێزی داگیرکەری سوپای زایۆنی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پەلاماری ناوچە جۆراوجۆرەکانی کەرتی ڕۆژاوای داگیرکراویان دا.
هێزی سەربازیی ڕژێمی زایۆنی پەلاماریان کردە سەر ئۆردوگای "شەعفات" و شارۆچکەی "جبل المکبر " لە قودسی داگیرکراو لە کەرتی ڕۆژاوای داگیرکراودا.
بە پێی هەواڵی دیکە هێزی داگیرکەری ئیسراییل، "مەریەم سەید دیب" تازەبووکی فەلەستینی و "عەبدوڵا ئەبوونەحل" تازەزاوای فەلەستینییان تەنیا سێ ڕۆژ پاش زەماوەندەکەیان لە ڕەفەح شەهید کرد.
لەلایەکی دیکەوە کۆبینای پزشکیی "ناسر" دووەم گەورەترین نەخۆشخانەی کەرتی غەززە لە شاری خان یونس بە تەواوەتی پەکی کەوت و داخرا.
ژێدەرە هەواڵییەکانیش ڕایانگەیاندووە کە پارێزگا باکوورییەکانی کەرتی غەزە و بەتایبەت شاری غەززە گیرۆدەی برسێتییەکی نالەبار بوونە و هێزی داگیرکەر ڕێگا نادەن هیچ یارمەتییەک بێتە نێو ئەم ناوچانەوە.