ئادار 26, 2024 13:45 Asia/Tehran

"ریاز مەنسور" نوێنەری هەمیشەیی فەلەستین لە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە وتی: بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە ئاگربەس لە غەززە، دەسکەوتێی زۆر گرینگە.

ریاز مەنسور هەروەها لەبارەی دەنگی بێلایەنی ئەمریکا بەو بڕیارنامەش وتی: لە سای ئەو تەریک کەوتنەوەی ئیسرائیل لەگەڵیدا بەرەوڕوویە، واشنگتۆن ئیدی ناتوانێ درێژە بدا بە کەڵک وەرگرتن لە مافی ڤیتۆ بۆ بەرەڤانی لە تەلاویڤ.

نوێنەری فەلەستین لەدرێژەی قسەکانیدا وتی: هیچ شوێنێکی هێمن بۆ فەلەستینیەکان لە غەززەدا نیە، شارێک کە دانیشتووانی، توانای دەسڕاگەیشتن بە خۆراک و خواردەمەنیی پێویستیان نیە.

ناوبراو وێڕای داوای وەستاندنی دەردو مەینەت کێشانی خەڵکی فەلەستین کە برسێتی و کوشت و بڕ تەنگی پێ هەڵچنیون، پێی داگرت: هیچ پاسایەک نیە بۆ کۆمەڵکوژیی فەلەستینیەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە لە غەززەداو ئیسرائیل ، لە برسی ڕاگرتنی خەڵکی فەلەستین وەک ئامرازێکی جەنگی و لەئاراستەی درێژەی تاوانکارییەکانی لە کەرتی غەززە سود وەردەگرێ.

لەهەمان کاتدا، "ئەگنس کالامار"ی بەرپرسی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی وێڕای پێشوازیی لە بڕیارنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە کەرتی غەززە، خوازیاری ڕاگیرانی خێرای بوردومانی دڕندانەی ئەو ناوچە لەلایەن ئیسرائیل و جێگیرکرانی ئاگربەسێکی پاوەجێ بوو.

سەرپەیڤ