ئادار 27, 2024 14:00 Asia/Tehran

رژیمی زایۆنیستی لە٢٤کاتژمێری ڕابردوودا هەشت جار تاوانی بەدژ خەڵکی غەززە ئەنجام دا کە بەهۆیەوە، ٨١ کەس شەهید و ٩٣ کەسیش بریندار بوون.

رژیمی زایۆنیستی سەرباری دەرکرانی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئاگربەس لە مانگی ڕەمەزاندا، هەروا درێژەدەدا بە تاوانکارییەکانی بەدژ شارومەندانی فەلەستینی. لەو بارەوە، وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە غەززە ڕایگەیاند، سوپای رژیمی زایۆنی لە درێژەی تاوانکارییەکانی لە ٢٤کاتژمێری رابردوو، هەشت جار تاوانی کوشندەی بەدژ دانیشتووانی کەرتی غەززە ئەنجام دا کە بووەهۆی شەهیدبوونی٨١فەلەستینی و برینداربوونی٩٣کەسی دیکە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی فەلەستین لە کەرتی غەززەش ڕایگەیاندووە، لانیکەم١٨فەلەستینی لەکاتی دابەشکرانی یارمەتییە مرۆییەکان شەهید بوون. ئەو یارمەتییانە لە ئاسمانەوە بەسەر فەلەستینیانی دانیشتووی کەرتی غەززەدا بەردراونەوە کە بووەتە هۆی شەهیدبوونی ئەوان.

رژیمی داگیرکەر لە تازەترین تاوانی خۆیدا، ماڵی خێزانی "ئەبوو نەقیرە" لە رەفەحی بەسەر دانیشتووانی ماڵەکەدا وێران کرد کە زۆربەی دانیشتووانی ماڵەکە، کەسانی سیڤیل و ژن و منداڵ بوون . هەروەها هێزەکانی رژیمی داگیرکەری زایۆنیستی ئەمڕۆ لە جەنگەی شەڕ و پێکدادانەکان لە شاری جەنین، پەلاماری چەند شوێنێکیان داوەو سێ شارومەندیان لە ناوچەی "بەیت فوجار" لە باشوری بەیت لەحم قۆڵبەست کرد.

حیزبوڵڵای لوبنانیش لە وەڵامدانەوە بە تاوانکارییەکانی رژیمی زایۆنیستی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێگەیەکی ئاسمانی و چەند پاسگەو ناوەندی گردبوونەوەی چەکدارانی ئەو رژیمەی لە شارۆچکە زایۆنی نشینەکان مووشەکباران کرد. گوردانەکانی شەهیدانی ئەقساش ڕایگەیاند، خۆفڕی "سکای لارک"ی رژیمی زایۆنی لە ئاسمانی بەیت حانون لە باکوری کەرتی غەززە خستووەتە خوارەوە.

وەزارەتی تەندروستی لە غەززەش ڕایگەیاندووە، ئاماری شەهیدانی پەلامارەکانی رژیمی زایۆنی بۆسەر غەززە لە حەوتی ئۆکتۆبرەوە گەیشتووەتە ٣٢٤١٤ کەس و ئاماری بریندارانیش بۆ٧٤٧٨٧ کەس.

سەرپەیڤ