نیسان 27, 2024 10:30 Asia/Tehran

لە ٢٠٣یەمین رۆژی تاوانکاریی رژێمی زایۆنیستی لە غەززەو لێواری رۆژاوا، هێزەکانی ئەو رژێمە جارێکی دیکە، هێرشیان کردەسەر بنکەی خاچی سور لە غەززە.

لە درێژەی دەسدرێژکاریی داگیرکەرانی زایۆنیستی، سێ فەلەستینی لە ئەنجامی بوردومانی بینای خاچی سور، واتە شوێنی نیشتەجێکرانی ئاوارەکان لە شەقامی "ئەلوەحدە"ی شاری غەززە لەلایەن زایۆنییەکانەوە شەهیدکران.

فەلەستینیەکیش لەکاتێکدا کە لەنێو مەزراکەی لەناوچەی "ئەلزەهرا" لە باشوری رۆژاوای شاری غەززە کاری دەکرد، لە ئەنجامی دەسڕێژ و تەقەی هێزە داگیرکەرەکان، شەهید بوو.

لەهەمان کاتدا، ماسیگرێک لە کاتی ئیش کردن لە کەنارئاوەکانی رەفەح بە تەقەی هێزە داگیرکەرەکان شەهیدو کەسێکی دیکەش بریندار بوو.

هێزە داگیرکەرەکان هەروەها چەند خانووبەرەو باڵەخانەیان لە شاری "ئەلموغراقە" لە باکوری ئوردوگای نوسەیڕات لە ناوەندی کەرتی غەززە تەقاندەوە.

تۆپخانەی رژێمی زایۆنیش ئوردوگاکانی نوسەیڕات و ئەلبریج-ی لە ناوەندی کەرتی غەززە تۆپباران کرد.

سەرپەیڤ