May 01, 2024 10:15 Asia/Tehran

لە دووسەد و حەوتەمین ڕۆژی دەسدرێژیی زایۆنییەکان بۆ سەر غەززە ، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەم ڕژێمە چەندین جار شەقامێکیان لە ئۆردوگای جەبالیا هەڵکەوتوو لە باکووری کەرتی غەززە بە تووندی بۆردومان کرد.

وەزارەتی تەندرووستیی کەرتی غەززە ڕایگەیاند؛ سوپای ڕژێمی زایۆنی لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێری ڕابردوودا پێنج جەنایەت و کوشتاری دژ بە بنەماڵە فەلەستینییەکانی دانیشتووی ئەم کەرتە ئەنجام داوە کە ئەو جەنایەتانە لانیکەم چل و حەوت شەهید و شەست و یەک برینداریان لێکەوتەوە.

ژمارێک شارۆچکەنشینی زایۆنیش بە پشتیوانیی تۆکمە  وتەواوی هێزی سەربازی دەسدرێژییان کردە سەر مزگەوتی ئەقسا. ژێدەرە فەلەستینییەکانیش رایانگەیاند؛ لاوێکی فەلەستینی لە شارۆچکەی زاهرییە لە باشووری ئەلخەلیل وەبەر دەسڕێژی گوللەی سەربازانی زایۆنی کەوتووە و شەهید بووە.

وەزارەتی تەندرووستی  غەززە هەژماری شەهیدانی فەلەستینی لە حەوتی ئۆکتۆبرەوە تا ئێستا بە سی و چوار هەزار و پێنسەد و سی و پێنج کەس ڕاگەیاندووە ئاماری بریندارانیش گەیشتۆتە حەفتا و حەوت  هەزار و حەوتسەد و چوار کەس. شایانی باسە زۆربەی قوربانیانی دەسدرێژیی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا ژن و منداڵن. بە پێی ڕاگەیاندنی ناوەندە فەلەستینییەکان، هێشتا تەرمی هەزاران فەلەستینیش لە ژێر داروپەردوی ماڵ و باڵاخانە ڕووخاوەکانی غەززەدا ماونەتەوە کە هێزەکانی فریاگوزاری نەیانتوانیوە دەریان بێنن. 

سەرپەیڤ