May 12, 2024 10:45 Asia/Tehran

شەڕ لە غەززە لەکاتێکدا چووەتەنێو دووسەدو هەژدەیەمین رۆژی خۆیەوە کە بۆردومانی ناوچە باکوریەکانی غەززە تاو پێدراوەو داگیرکەران بەشێوەیەکی شێتانە ماڵ و نشینگەکانی شاری غەززەو رەفەح بۆردومان دەکەن.

لە دووسەد و هەژدەیەمین رۆژی شەڕ لە غەززە، هێرشی ویشکانیی سوپای داگیرکەر بۆسەر شاری رەفەح، بەقورسی بەردەوامەو بەرپرسانی زایۆنیستی هەروا سورن لەسەر هێرشی ویشکانیی بەرفراوان بۆسەر ئەو شارە کە ژمارێکی زۆری ئاوارە لەخۆ دەگرێ، ئەوە لەکاتێکدایە کە پەلامارە ئاسمانییە بەردەوامەکان بەدژ ناوچە جۆربەجۆرەکانی غەززە درێژەی هەیە.

لەوناوەدا، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل لە دواخولەکەکانی شەوی ڕابردوو، هەتا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، چەند خانووبەرەو بینایان لە شاری رەفەح هەڵکەوتوو لە باشوری کەرتی غەززە و هەروەها ئوردوگای جەبالیا لە باکوری غەززە بۆردومان کرد.

دانیشتووانی گەڕەکی زەیتون لە باشوری رۆژهەڵاتی شاری غەززە لەژێر ئاگری تۆپخانەو بۆردومانی رژیمی زایۆنیستی جارێکی دیکە خەریکن ماڵ و حاڵیان جێ دێڵن.

کۆمیتەی فریاگوزاریی خێرای رەفەح رایگەیاند، لە کاتی دەسپێبوونی هێرشی ویشکانی و ئاسمانیی سوپای داگیرکەری زایۆنیستی بۆسەر رەفەح نزیک بە١٢٠فەلەستینی شەهیدو بەسەدان کەسی دیکە بریندار بوون.

یانەی دیلکراوانی فەلەستینیش لە ڕاپۆرێکی تازەدا رایگەیاند، ژماری کەسانی گیراو لە لێواری رۆژاوایی لە حەوتی ئۆکتۆبری٢٠٢٣وە تائێستا، گەیشتە هەشت هەزار و٦٨٠ کەس.

بەپێی هەواڵێکی دیکە، رۆژنامەکانی رژیمی زایۆنیستی دانیان نا بە گەڕانەوەی خەباتکارانی خۆڕاگریی فەلەستین بۆ چەند ناوچەیەک لە باکوری کەرتی غەززەو رایانگەیاند، هیچ ڕێکارێکی سێحراویی نیە بۆ سەرکەوتنی ئیسرائیل بەسەر بزووتنەوەی حەماس دا.

رۆژنامەی زایۆنیستیی یەدیعوت ئاحارنۆت بەگێڕانەوە لە چەند ژێدەرێک لە سوپای رژێمی داگیرکەری قودس نووسی: ڕێکاری جادوویی نیە بۆ سەرکەوتن بەسەر حەماسداو تەنانەت ئەگەر ئێمە گشت شاری رەفەح لە باشوری کەرتی غەززە لەناوببەین، دیسان ناتوانین حەماس لەو ناوچەیە دەرکەین. بەگوێرەی هەواڵێکی دیکە، نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی فەلەستین ڕایگەیاند؛ کەرتی غەززە لەسەروبەندی قات و قڕی دایە، تەنیا دوو نەخۆشخانە چالاکن.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی فەلەستین ئەمڕۆ وێڕای ئاماژە بە درێژەی تاوانکارییەکانی رژێمی زایۆنیستی و داخرانی هەموو دەروازەکانی کەرتی غەززە ڕایگەیاند، ئەو ناوچەیە لەسەروبەندی قات و قڕی دایە. نووسینگەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی فەلەستین لە کەرتی غەززە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لەکۆی٣٥نەخۆشخانە لە کەرتی غەززە ئیستا تەنیا دوو نەخۆشخانە چالاکن.

سەرپەیڤ