لە پەلاماری ئەمڕۆی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر باڵاخانەیەک لە غەززە ، ١٩ کەس شەهید بوون
ڕژیمی زایۆنی لە جەنایەتێکی دیکەدا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە دەستی دایە بۆردومان کردنی باڵاخانەیەک لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە کە تا ئێستا نۆزدە شەهیدی لێکەوتۆتەوە.
لەم پەلامارەدا ئاپارتمانێک لە ئۆردوگای نوسەیرات لە ناوەڕاستی غەززە پێکرا. لە ڕاپۆرتی بەراییدا سەبارەت بەم جەنایەتە ڕاگەیاندرابوو کە ١٧ کەسی مەدەنی لەوان چەن ژن و منداڵ کوژراون. ئەوە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند کە بە هۆی پەلامارەکانی ئەمڕۆی سوپای ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ناوچە جۆراوجۆرەکانی کەرتی غەززە ٦٤ فەلەستینی شەهید بوونە و سەدان کەسی دیکەیش بریندار.
ئەم وەزارەتخانەیە دوێنێش بە دەرکردنی بەیاننامەیەک رایگەیاند: لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بە هۆی جەنایەتەکانی ڕژێمی زایۆنییەوە، ٨٣ فەلەستینی شەهید بوون و ١٠٥ کەسیش بریندار و بەم پێیە ژماری شەهیدانی فەلەستینی تا دوێنێ گەیشتبوویە ٣٥ هەزار و ٣٨٦ کەس.