حەمدان: ناچینە ژێر باری مانەوەی هێزی داگیرکەری زایۆنی لە غەززە
یەکێک لە ئەندامانی باڵای حەماس وتی: ئێمە ناچینە ژێر باری مانەوەی هێزی داگیرکەر لە غەززە یان ئەوەی کە کۆنترۆڵی دەروازەی سنووریی ڕەفەحیان لە دەستدا بێ؛ سەبارەت بە سەردەمی پاش شەڕ، ئەوە فەلەستینییەکانن کە بە بێ ئەوەی لە هیچ لایەکەوە بەسەریان داسەپێندرێ، بڕیاری خۆیان دەدەن.
"ئوسامە حەمدان" سەبارەت بە پێشنیاری تازەی ئاگربڕ کە لەلایەن بایدێنەوە دراوە، وتی: پێشنیارەکەی بایدێن سەبارەت بە ئاگربڕ ئەرێنییە و ئێمە خەریکی لێکدانەوەین بۆ ئەوەی وەڵامی بدەینەوە.
حەمدان لە درێژەدا وتیشی: داخواز لە سەر گەیشتنە تەبایی ، هەنگاوێکی ئەرێنییە، بەڵام ناکرێ هەر بە هیوا و ئاوات خواستن بگەینە ئامانج. ئێمە خوازیاری ڕێککەوتنێکی تۆکمە و تەواوین بۆ دامەزرانی ئاگربڕێکی پاوەجێ، پاشەکشەی ئیسراییل، کارابوونەوەی سیستەمی فریاگوزاری و دەسپێبوونی بنیاتنانەوەی کەرتی غەززە.
ناوبراو ڕاشکاوانە رایگەیاند: بەیاننامەی ناوبژیوانان پیشاندەری هەوڵی لێبڕاوانەیانە، بەڵام ئێمە دەبێ لە هەڵوێستی ئیسراییلیش ئاگادار بین، لەبەر ئەوەی کە ئەو لایەنەی لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا یەکسەر لاساری کردووە، ئیسراییلییەکان بوون. بەم پێیە ئەو کەسەی کە تەگەرە دەنێتەوە لە سەر ڕێگای ڕێککەوتن، دەبێ زیاترین گوشاری بخرێتە سەر. ئەوە لە کاتێکدایە کە تەنانەت پێشناری تازەی بایدێن سەبارەت بە ئاگربڕیش بەرەوڕووی نەیارەتیی ئیسراییل بۆتەوە.
حەمدان جەختیشی کرد: ئێمە ناچینە ژێر باری مانەوەی هێزی داگیرکەر لە غەززە یان ئەوەی کە کۆنترۆڵی دەروازەی سنووری ڕەفەحیان لە دەستدا بێ؛ وەزارەتی ناوخۆی کەرتی غەززە پێش شەڕ کۆنترۆڵی دەروازەی ڕەفەحی لە دەستدا بووە و پاش دامەزرانی ئاگربڕیش بەردەوام دەبێ لە بەڕێوەبەرایەتی کردنی.