سێبەری ڕەشی قات و قڕی خەریکە باڵ دەکێشێ بە سەر باکووری کەرتی غەززەدا
ئانڕوا ڕایگەیاند کە هەموو دانیشتووانی کەرتی غەززە لەبەر نەبوونی ئاوی پاکی خواردنەوە بە هۆی پەککەوتنی کەرەستەکانی ئاوشیرینکەری ئەم ناوچەیە، مەترسیی مردنیان لە سەرە.
ئانڕوا لە بەیاننامەیەکدا وتیشی: هەموو دانیشتووانی ئەم ناوچەیە لە نێوان مان و نەماندا پەلەقاژەیانە و بنەماڵەکان و منداڵان هەموو ڕۆژێ ڕێگایەکی دوور و درێژ دەپێون بۆ ئەوەی دەستیان بگاتە ئاو.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: دانیشتوانی کەرتی غەززە بۆ زیندوومان پێویستیان بە ئاوە و ئیسراییل دەبێ بێڵێ دەستیان بگاتە ئاو.
پێشتر جێگری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری فریگوزاری و مرۆڤدۆستانە بە ئاماژە بە داخرانی دەروازە سنوورییەکانی کەرتی غەززە و پێشگریی ڕژێمی زایۆنی بە گەیشتنی یارمەتییەکان بە باکووری ئەم ناوچەیە وشداریدابوو کە قات و قڕی خەریکە لە باکووری کەرتی غەززە سەرهەڵدەدات. "مارتین گریفیتس" وتیشی: دانیشتوانی کەرتی غەززە بە هۆی داخراوبوونی دەروازە سنوورییەکان و نەگەیشتنی یارمەتییەکان بەرەوڕووی قەیرانێکی تۆقێنەر بوونەتەوە. گریفتیس راشکاوانە ڕایگەیاند: ئەوەی لە غەززە ڕوو دەدات بنپێکەری یاسای مرۆڤدۆستانەی نیودەوڵەتییە.