حەمدان: خوازیاری دامەزرانی ئاگربڕێکی هەمیشەیی و ڕێککەوتنێکی دادوەرانەین بۆ مامەڵەی دیلبەدیل
یەکێک لە ڕێبەرانی حەماس ڕایگەیاند: ئێمە خوازیاری دامەزرانی ئاگربڕی هەمیشەیی و ئامادەی ڕێککەوتنێکی دادوەرانەین لە سەر مامەڵەی دیلبەدیل.
ئوسامە حەمدان وتی کە بزووتنەوەی حەماس بەشێوەیەکی ئەرێنی جوڵاتەوە بەرامبەر بە هەموو ئایدیا باس کراوەکان سەبارەت بە دامەزرانی ئاگربڕ لە غەززە.
ئوسامە حەمدان وتی: ئەم بڕیارنامەیە هەندێ خاڵی تێدایە کە ئێمە قبووڵمان نییە، بەڵام بەشە سەرەکییەکانی ئەرێنییە. بلینکێنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا یەکێک لە لەمپەرەکانی سەر ڕێگای گەیشتنە تەباییە، لەبەر ئەوەی کە ئەو تەنیا بە پێی داخوازەکانی ڕژێمی داگیرکەر دەجوڵێتەوە. کێشەی سەرەکی هەڵوێستی ئەمریکایە و بلینکێن دەبێ وردتر بیر بکاتەوە و هەنگاو هەڵێنێ، ئێمە چاوەڕێین ئەمریکا ڕابگەیەنێ کە ڕژێمی زایۆنی دەخاتە بن گوشارەوە بۆ قبووڵکردنی گەڵاڵەی پێشنیاری.
حەمدان وتیشی: هەموو کردەوەکانی ڕژێمی زایۆنی لە ئاراستەی تەگەرەنانەوە لە سەر ڕێگای ڕێککەوتن، بە پاڵپشتی و ڕەزامەندیی ئەمریکا ئەنجام دەبێ. هەوڵ بۆ خستنەبن گوشاری ناوبژیوانانی سوودێکی نییە و هەڵوێستی حەماسیش ناگۆڕدرێ.
ئەم ڕێبەری حەماس جەختیشی کرد: بڕیارنامەی پەسەنکراو لە ئەنجومەنی ئاسایش سەرباری کەم و کوڕتییەکانی، پێداگرە سەر پێویستیی ڕاگیردرانی یەکجاریی شەڕ و چوونەدەری هێزی داگیرکەر لە غەززە. تا ئەو کاتەی کە ئەم بڕیارنامەیە لە لایەن ڕژێمی داگیرەوە قبووڵ نەکرێ، جێبەجێکرانی بە کردەوە هەر گونجاو نییە.
سامی ئەبووزەهری لە ڕێبەرانی دیکەی حەماسیش جەختی کرد؛ حکومەتی ئەمریکا لە ئاراستەی جێبەجێکردنی بڕیارنامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشدا بەرەوڕووی تاقیکارییەکی ڕاستینە بۆتەوە بۆ بەجێهێنانی بەڵێن و ئەستۆگرییەکانی و هەروەها ناچار کردنی داگیرکەران بە راگرتنی خێرای شەڕ.
ئەم قسانەی سامی ئەبووزەهری پاش ئەوەی هاتە ئاراوە کە بڕیارنامەی پێشنیاریی ئەمریکا سەبارەت بە دامەزرانی ئاگربڕ لە کەرتی غەززە، بە بێ هیچ نەیارێک و یان ڤیتۆکران، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەدا پەسەن کرا.