بەردەوامیی جەنایەتەکانی زایۆنییەکان لە ٢٨٧ـمین ڕۆژی ژینۆسایدی ئەم ڕژێمە و ئەمریکا لە غەززە
پەلامارەکانی ڕژێمی داگیرکەری زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە بۆ ٢٨٧ـمین ڕۆژی لەسەریەک بەردەوامە و ڕۆژانە سەدان کەس لەو پەلامارانەدا شەهید و بریندار دەبن.
٢٨٧ـمین ڕۆژی شەڕ لە غەززە کاتێک دەستی پێکرد کە فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری زایۆنی دوو ماڵیان لە کەرتی غەززە بۆردومان کرد. فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری زایۆنی لە یکەم کاتژمێرەکانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دوو ماڵیان کردە ئامانج کە لە ئەنجامدا دەیان شەهید و برینداری لێکەوتەوە. میدیاکانی فەلەستینیش باسی بیسترانی دەنگی چەن تەقینەوەیەک لە کاتی تێکهەڵچوونی نێوان خۆڕاگریی فەلەستین و سوپای داگیرکەر لە باشووری ڕۆژاوای شاری غەززەیان کردووە کە دەکەوێتە باکووری ئەم کەرتە.کۆپتەر و زرێپۆشەکانی سوپای داگیرکەر ڕۆژاوای شاری ڕەفەحیان بۆردومان و تۆپباران کردووە. هەروەها هێزی داگیرکەری ئیسراییلی ڕۆژهەڵاتی جحر الدیک و البریج و المغراقه لە ناوەڕاستی کەرتی غەززەیان دایە بەر پەلامار و لە تەقەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان بەرەو کۆمەڵێک گەنجی فەلەستینی لە ناوچەی ئەشاکوش لە ڕۆژاوای شاری ڕەفەح، چەن کەسێکیان لێ بریندار کردن.
لە لایەکی دیکەوە پێکدادانێکی توند لەنێوان خەباتکارانی خۆڕاگری و سوپای ڕژێمی داگیرکەر لە گەڕەکی ئەلسعودی لە ڕۆژاوای شاری ڕەفەح، لە باشووری کەرتی غەززە بەردەوامە. بە پێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی غەززە، تا ئێستا ٣٨ هەزار و ٨٤٨ کەس شەهید بوون و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتۆتە ٨٩ هەزار و ٤٥٩ کەس، تا ئێستاش زیاتر لە ١٠ هەزار تەرمی شەهیدان لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا ماوەتەوە و هێزەکانی فریاگوزار توانای دەرهێنانیان نییە.