حەماس: بانگەشەی ئیسراییل لەبارەی شەهیدانی خوێندنگەکەی غەززە درۆ و دەلەسەیە
بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین (حماس) قسەکانی کاربەدەستانی ڕژێمی زایۆنی لەبارەی شەهیدانی خوێندنگەی "تابعین"ی بە درۆ و دەلەسەی تەواو وەسف کرد.
بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین (حماس) جەختی کرد؛ بانگەشەی ڕژێمی زایۆنی سەبارەت بە شەهیدانی جەنایەتەکانی خوێندنگەی تابعین لە گەڕەکی "ئەدەرج" سەبارەت بەوەی کە ئەو کەسانە سەر بە هێزەکانی حەماس و جەهادی ئیسلامی بوون، درۆ و دەلەسەیە و بۆ بەلاڕێدانی بیر و ڕای گشتی وتراوە.
حەماس وتیشی: شەهیدانی جەنایەتی بۆردومانەکەی خوێندنگەی تابعین منداڵ، فەرمانبەری حکومی، مامۆستای زانکۆ و کەسایەتیی ئایینی بوون و هیچ چالاکییەکی سیاسی و سەربازییان نەبووە. کەناڵی تەلەڤزیۆنیی سی ئن ئن شەوی ڕابردوو راپۆرتی دا کە لە بۆردومانی خوێندنگەی تابعینی غەززە سوپای ڕژێمی زایۆنی چەکی "GBU-39"ی پێشکەشکراوی ئەمریکا بە تلاڤیڤی بەکارهێناوە. سوپای داگیرکەری ئیسراییل زۆربەی جەنایەتەکانی لە کەرتی غەززە دژ بە خەڵکی مەدەنیی فەلەستین لەوان جەنایەتەکانی ئەمدواییەی لە ناوچەی ئەلمەواسیی خان یونسی بە بۆمب و مووشەکی ئەمریکایی ئەنجام داوە.
هەروەها ئەنجومەنی پێوەندیی ئیسلامیی ئەمریکا رایگەیاندووە پەلاماری ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر خوێندنگەیەک لە شاری غەززە نەک هەر پەلاماردانی فەلەستینییەکان بەڵکوو پەلاماردانی دین و ئایینیش بوو و جۆ بایدێنی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەبێ وەڵامی تیرۆریزمی حکومەتیی ئیسراییل بداتەوە و ناردنی چەک بۆ حکومەتی زایۆنی خێرا ڕاگرێت.