بۆردومانی دڕندانەی خان یونس لە لایەن داگیرکەرانەوە
ڕۆژی ٣٢٦ـەمی ژینۆساید لە غەززە بە پەلامارە دڕندانەکانی رژێمی زایۆنی بۆ سەر ناوچە جۆراوجۆرەکانی غەززە بەردەوام بوو و بە هۆیەوە ژمارێکی دیکە لە فەلەستینییەکان شەهید بوون.
ژێدەرە پزشکییەکان ڕایانگەیاندووە کە لە پەلامارەکانی ئەمڕۆی سوپای ڕژێمی زایۆنی بۆسەر شاری خان یونس لە باشووری غەززە ١٢ کەس شەهید بوون. سوپای داگیرکەری زایۆنی دوو ماڵی مەدەنیشی لە شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە بۆردومان کردووە. هەروەها درۆنە جەنگییەکانی ئیسراییل دەستیان دایە بۆردومانی ماڵی فەلەستینییەکان لە ناوچەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی گەڕەکی زەیتوون لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە کە بە هۆی ئەو بۆردومانانەوە ژمارێکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی بریندار بوون.
ژێدەرە فەلەستینییەکان باسی پەلاماردرانی ماڵێک لە نوسەیرات دەکەن کە لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە هەڵکەوتووە. ژماری شەهیدانی پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی لە کەرتی غەززە تائێستا گەیشتۆتە چل هەزار و چوارسەد و حەفتا و شەش کەس و ژماری بریندارەکانیش لە نەوەد و سێ هەزار و شەشسەد و پەنجا کەس تێپەڕیوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە حیزبوڵای لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە لە ئاراستەی پاڵپشتی کردنی گەلی خۆڕاگریی فەلەستین لە کەرتی غەززە و خۆڕاگرییە ئازا و بوێرەکەیان و لە کاردانەوە بە دەسدرێژییەکانی دوژمن بۆ سەر گوندە خۆڕاگرەکانی باشووری لوبنان و ماڵە ئەمنەکان، خەباتکارانی خۆڕاگریی ئیسلامی دەستیان دایە پێکانی ئەو بینا و باڵاخانەگەلەی کە هێزی سەربازیی دوژمن لە شارۆچکەی نەتووعە کەڵکیان لێ وەردەگرت.