شەهیدبوونی دەیان فەلەستینی لە جەنایەتی تازەی ئیسراییل لە بەیت لاهیا
وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا سوپای ڕژێمی زایۆنی چوار جەنایەت و کوشتاری لە کەرتی غەززە ئەنجامداوە.
ڕژێمی زایۆنی لە جەنایەتی تازەی خۆیدا باڵاخانەیەکی پێنج نهۆمیی شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنی لە بەیت لاهیا دایە بەر پەلامار کە بە هۆیەوە ٩٣ فەلەستینی شەهید بوونە و چل کەسیش بێسەروشوێنن. ژێدەرە نەخۆشخانەییەکانی غەززە رایانگەیاند کە ٢٥ کەس لەو شەهیدانە منداڵن.
کۆمیتەکانی خۆڕاگریی فەلەستین لە بەیاننامەیەک ڕایگەیاند: ئەو کوشتارە خوێناوییەی کە دوژمنی زایۆنی لە بەیت لاهیا هەڵکەوتوو لە باکووری غەززە ئەنجامیدا، دیسان ئەوەی سەلماند کە ڕژێمی زایۆنی و سوپای جەنایەتکار و سەرکردە نازییەکانی کۆمەڵێک تاوانکاری تینووی خوێنی خەڵکی مەدەنی و کەسانی بێ تاوانن.
وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە هەروەها ڕایگەیاندووە کە پەلامارەکانی چەن کاتژمێری ڕابردووی سوپای تیرۆر بۆ سەر کەرتی غەززە، شەهید بوونی ٤١ کەس و بریندار بوونی ١١٣ کەسی دیکەیشی بەدواوە بووە.
وەزارەتی تەندرووستیی غەززە جەختی کرد کە ژمارێک لە شەهیدان و قوربانیان ئێستایش هەر لە ژێر داروپەردووی ماڵ و باڵاخانە ڕووخاوەکان و یان لە سەر جادە و ڕێگا و بانەکاندا ماونەتەوە و داگیرکەران پێش بە هێزەکانی فریاگوزار دەگرن دەستیان بگاتە ئەو ناوچانە.