ناوچە جۆراوجۆرەکانی فەلەستینی داگیرکراو لە ژێر ئاگری حیزبوڵادا
حیزبوڵای لوبنان ئەمڕۆ باسی پێکانی چەندین شارۆچکەی زایۆنی نشین لە باکووری فەلەستینی داگیرکراوی کرد.
حیزبوڵای لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەمڕۆیش لە چەندین ئۆپەراسیۆنی جیاجیادا بە ڕادەیەکی بەرچاو مووشەک و درۆن هێرشیان کردۆتە سەر بنکە سەربازییەکان و مۆڵگەکانی هێزی داگیرکەر و هەروەها چەن شارۆچکەیەکی زایۆنی نشینیشیان پێکاوە.
هێزەکانی حیزبوڵا لە وەڵام بە جەنایەتەکانی ڕژێمی زایۆنی و لە ئاراستەی بەرگری لە خاکی لوبنان و پاڵپشتی کردنی خەڵکی فەلەستین ئەمڕۆ چوار شارۆچکەی زایۆنی نشینی لە باکووری فەلەستینی داگیرکراو مووشەکباران کرد.
خۆڕاگریی لوبنان هەروەها لە بەیاننامەیەکی دیکەدا ڕایگەیاند کە شوێنی سەقامگیر بوونی هێزەکانی ڕژێمی زایۆنی لە ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی "ئەلخەیام"ـی بە راکێت و گوڵەهاوەن پێکاوە. ئەم هێرشانە ترس و تۆقانی زایۆنییەکانی بەدواوە بووە. ژێدەرە هەواڵییەکانش باسی شەڕ و پێکدادانی قورسی نێوان خەباتکارانی حیزبوڵا و هێزەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنی لە شارۆچکەی سەرسنووریی "ئەلخەیام" لە باشووری لوبنان دەکەن.
هەروەها بە بەردەوامبوونی دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر خاکی لوبنان، چاودێڕی مافی مرۆڤ بە دەرکردنی بەیاننامەیەک داوای لە ڕژێمی زایۆنی کردووە تا خێرا پەلامارە نایاساییەکانی بۆ سەر ستافی دەرمان و ناوەندە دەرمانییەکان لەم وڵاتە بوەستێنێ. بە پێی راگەیاندنی وەزارەتی تەندرووستیی لوبنان تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار لوبنانی لە پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنیدا شەهید بوونە.
هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی دژ بەیەک سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاگربڕ لە نێوان ڕژێمی زایۆنی و لوبنان، حیزبوڵا جەختی کردووە کە لە ژێر ئاگری شەڕدا ناچێتە ژێر باری هیچ دانوستانێک و پێش هەموو شتێک دەبێ دەسدرێژییەکانی دوژمن ڕاگیردرێ.