ژماری شەهیدانی غەززە گەیشتە ٤٣ هەزار و ٣٤١ کەس
لە کاتێکدا کە ژینۆسایدی ڕژێمی زایۆنی لە کەرتی غەززە پێی ناوەتە ٣٩٤ـەمین ڕۆژی خۆی، وەزارەتی تەندرووستیی غەززە رایگەیاندووە کە دوژمنی زایۆنی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا چوار کوشت و کوشتاری دژ بە بنەماڵە فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە ئەنجام داوە و بە هۆی ئەو پەلامارانەوە ٢٧ کەس شەهید و ٨٦ کەسیش بریندار بوونە.
وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە هەروەها ڕاشیگەیاند کە هەژمارێک لە قوربانییەکان ئێستایش لە ژێر داروپەردووی ماڵ و باڵاخانە ڕووخاوەکاندا ماونەتەوە و هێزەکانی فریاگوزاری و بەرگریی شارستانی توانای دیتنەوەی تەرمەکانیان نییە.وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە هەروەها ڕایگەیاند؛ ژماری قوربانیانی پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ـوە گەیشتۆتە ٤٣ هەزار و ٣٤١ شەهید و ١٠٢ هەزار و ١٠٥ بریندار.هەروەها ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ ڕایگەیاند؛ ڕژێمی زایۆنی کۆچی زۆرەملی و برسێتی وەک چەکی جەنگی لە کەرتی غەززە بەکارە دێنێ.سەندیکای پەیامنێرانی فەلەستینیش رایگەیاندووە؛ ڕژێمی زایۆنی لە ماوەی یەک ساڵ شەڕی دژ بە کەرتی غەززەدا، زیاتر لە دوو هێندەی هەژماری ئەو پەیامنێرانەی لە سەرانسەری جیهان دەکوژرێن، پەیامنێری کوشتووە.