تشرینی دووه‌م 19, 2024 19:36 Asia/Tehran

وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە لە چوارسەد و دەهەمین ڕۆژی ژینۆساید لەم کەرتە باسی زۆربوونی ژماری شەهیدانی دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنی و گەیشتنی هەژماریان بە نزیکەی ٤٤ هەزار کەسی کرد.

وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە ئەمڕۆ رایگەیاند: ڕژێمی زایۆنی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا سێ کوشتاری لە کەرتی غەززە ئەنجام داوە کە بە هۆی ئەو جەنایەتانەوە ٥٠ کەس شەهید بوون و ١١٠ کەسیش بریندار.

بە هێنانە ئەژماری شەهیدانی ئەمڕۆ، ژماری شەهیدانی غەززە لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ـەوە تا ئێستا گەیشتۆتە ٤٣ هەزار و ٩٧٢ کەس و ژماری بریندارانیش سنووری ١٠٤ هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

بە پێنانی شەڕی غەززە دەنێو چوارسەد و دەهەمین ڕۆژی خۆی و هاوکات لەگەڵ دەسپێبوونی سەرما و سۆڵە و بارینی باران، ئێش و ئازارەکانی دانیشتوانی غەززە دووهێندە بووە، بۆ وێنە ئەمڕۆ خێوەتەکانی ئاوارەکان لە چەن ناوچەدا نوقمی ئاو بووە.

ڕەوشی کارەساتباری کەرتی غەززە بە هۆی گەمارۆدران و ئاوارەبوونی زیاتر لە ٩٥%ی دانیشتووانی هێشتایش هەر بەردەوامە و داگیرکەران ئەمڕۆیش دەیان پەلاماری ئاسمانی تۆپخانەییان کردە سەر خەڵکی مەدەنیی فەلەستین.

سەرباری هەموو ئەو جەنایەتانە، ڕژێمی زایۆنی دانی ناوە بەوەیدا کە بە پێنانەنێو مانگی چواردەیەمی شەڕ، هێشتایش نەیتوانیوە بگاتە ئامانجەکانی خۆی لەم شەڕە، واتە تیابردنی بزووتنەوەی حەماس و گەڕاندنەوەی دەستبەسەرکراوانی زایۆنی لە کەرتی غەززەوە.

بە پێی هەواڵی دیکە کاربەدەستانی ئاسایشیی ڕژێمی زایۆنی وشداریان داوە بە بنیامین نەتانیاهووی سەرۆک وەزیرانی ئەم ڕژێمە کە دوایین دەرفەتی لە بەردەمدایە بۆ دەسڕاگەیشتن بە ئاگربڕ بە مەبەستی گەراندنەوەی دەستبەسەرکراوانیان لە کەرتی غەززە و دەبێ نەرم و نیانی بنوێنێ لە هەڵوێستەکانیدا.

بە پێی راپۆرتی کەناڵی ١٢ی تەلەڤزیۆنی ڕژێمی زایۆنی سەرۆکانی دەزگە ئەمنییەکانی ئەم ڕژێمە لە کۆبوونەوەی یەکشەممەی ڕابردوویاندا وشداریان داوە بە نەتانیاهوو سەبارەت بەو دوایین دەرفەتەی کە بۆی ماوە بۆ گەڕاندنەوەی دەستبەسەرکراوانی زایۆنی و جەختیان کردووە لە سەر ئەوەی کە دەبێ نەرم و نیانی لە هەڵوێستەکانی نیشان بدات.

بنەماڵەی هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنیش بە ئاماژە بەوەی کە ئەفسەران و سەربازان پاش شەڕ تووشی هەموو چەشنە کێشە و گرفتی دەروونی دەبنەوە، ڕایانگەیاندووە: بەرەیەکی تەواوی ئەم هێزانە هەرگیز گرێ دەروونییەکانیان چارەسەر نابێ و لەبەر نەبوونی هێزی مرۆیی پێویست، سوپا لاوانی تەمەن ٢٠ ساڵ ناچار دەکات چەک هەڵبگرن و بڕۆن بۆ مەیدانی جەنگ.

سەرپەیڤ