دەیان شەهید و بریندار لە جەنایەتە تازەکانی زایۆنییەکاندا
لە پەلاماری تازەی سوپای ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ئۆردووگای نووسەیرات لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە زیاتر لە ٣٣ کەس شەهید بوون و ٨٤ کەسیش بریندار و بێسەروشوێن بوونە.
لە کاتێکدا کە ٤٣٤ ڕۆژ تێدەپەڕێ بە سەر شەڕی ڕژێمی زایۆنی دژ بە کەرتی غەززە، ناوەندی ڕاگەیاندنی حکوومی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاندووە لە جەنایەتی تازەی سوپای ڕژێمی زایۆنیدا لە ئۆردووگای نۆسەیرات لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە تا ئێستا ٣٣ کەس شەهید بوونە و زیاتر لە ٨٤ کەسیش بریندار و بێ سەر شوێن. فڕۆکە جەنگییەکان و هەروەها بەلەمە جەنگیەکانی ڕژێمی زایۆنیش دەستیان داوەتە کوتانی ژمارەیەک لە ماڵەکانی ئۆردوگای ئەنوسەیرات.
هەروەها بە هۆی پەلاماری ئاسمانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر شاری خانی یونس لە باشووری کەرتی غەززە ژمارەیەک فەلەسینیش بریندار بوون. بە وتەی ژێدەرەهەواڵییەکان لە پەلاماری ئاسمانیی سوپای ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر خێوەتی ئاوارەکان لە باشووری شاری خان یونس سێ کەس شەهید بوون و ژمارەیەک بریندار بوون کە زۆربەی شەهید و بریندارەکانیش منداڵن. ڕۆژی پێنجشەممەش لە پەلاماری ئاسمانیی ڕژێمی زایونی بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی غەززە حەفتا و یەک کەس شەهید بوون.
لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەک لە ژێدەرە هەواڵییەکان دەڵێن کە دانوستانی نێوان خۆڕاگریی فەلەستین و ڕژێمی زایۆنی سەبارەت بە مامەڵەی دیلبەدیل گەیشتۆتە قۆناغە کۆتاییەکانی، میدیاکانی ڕژێمی زایۆنی ئەمڕۆ ڕایانگەیاند بنەماڵەکان و کەسوکاری دەست بە سەرکراوانی ئیسراییلی لای خۆڕاگری لە غەززە لە بەردەم ماڵی ڕۆن دەرمەر وەزیری کاروباری ستراتژیکی ئەم ڕژێمە لە قودسی داگیرکراودا کۆبوونەوەی ناڕەزاییانەیان بەرپا کردووە.