ئەبووزەهری: حەماس وەفادار دەبێت بە خوێنی شەهیدان
یەکێک لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامی فەلەستین ناسراو بە حەماس جەختی کرد حەماس وەفادار دەبێ بە خوێنی شەهیدان و ئێستا ئیتر کاتی ئازادی دیلەکانمان گەیشتووە.
سامی ئەبووزەهری جەختی کرد؛ غەزە بە بەرخۆدان و بوێریی خۆڕاگرییەکەی ئەفسانەیەکی ڕاستینەی خوڵقاند و ئەو بەرخۆدان و خۆڕاگرییەی لە کەرتی غەززە ڕوویدا ڕووداوێکی پەرجووئاسایە کە جیهان لە وێنەی نە لە مێژووی هاوچەرخ و نە لە مێژووی کۆندا بە خۆیەوە نەبینیوە. ئەبوو زەهری وتیشی: ئەو شوێنهاتانەی کە لە باهۆزی ئەقسا کەوتنەوە لە داهاتوویش هەر بەردەوام دەبێ و ڕێزی گرت لە خەڵکی غەززە کە بە ئێش و ئازار و بەرخۆدان و ئازایەتی و بوێری خۆڕاگرییان ئەو پەرجوویەیان خوڵقاند. ئەبوو زەهری ڕوو لە دیلە فەلەستینییەکانی نێو بەندیخانەکانی ڕژێمی داگیرکەریش وتی: مزگێنیی ئەوەتان پێ دەدەم کاتی ئەوە گەیشتووە کە کۆت و زنجیری دیلێتی هەڵپچڕێ و بگەڕێنەوە بۆ ئامێزی بنەماڵە و نەتەوەکەتان.