١٦شەهید و دەیان بریندار لە تاوانکاریی زایۆنییەکان لە جنین
لەدرێژەی تاوانکارییەکانی رژیمی زایۆنی بۆسەر شار و ئوردوگای جنین بۆ حەوتەمین ڕۆژی بەدوای یەکدا، ١٦ فەلەستینی شەهیدو دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون و دەیان ماڵ و خانووبەرە، وێران بوو.
سەرچاوە خۆجێیەکان بە هەواڵدەریی فەلەستینیی "وەفا"یان ڕاگەیاند کە شۆڤڵەکانی رژیمی زایۆنیستی دوێشەو مەیدانی سەینەماو دەورووبەرەکەیان لە ناوەندی شاری جنین وێران کرد. گەڕەکانی "الدمج" و "حی البشر" لەگەڵ گەڕەکی "عبدا... عزام" و "طلعە الغبز"ی ناوەندی سەرەکیی پەلامارەکانی رژیمی زایۆنیستی بوون.
رژیمی زایۆنی هەروەها ژماری ترۆمبیلە زرێپۆش و جەنگییەکانی لەبەردەم نەخۆشخانەی دەوڵەتیی جنینیش زیاد کردووەو ئاستی فڕینی فڕۆکەو درۆنەکانی ئەو رژیمە بەسەر ئاسمانی جنین و ئوردوگاکەشی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرفراوان بووە.
"وەسام ئەبوبەکر" بەرپرسی نەخۆشخانەی دەوڵەتیی جنین دەڵێ، کردەکانی رژیمی زایۆنیستی لە وێرانکردنی شەقامی سەرەکی و جێگیرکردنی ترۆمبیلە زرێپۆشەکانی لەبەردەم نەخۆشخانەدا، چالاکیی ستافی پزیشکیی و نەخۆشخانەیی بەرەوڕووی ئاستەنگ کردووە.
هاوکات، یەک لە ڕێبەرانی حەماس بەئاماژە بەوەی کە گەلی فەلەستین توانای بنیات نانەوەی غەززەی هەیە، پێی داگرت؛ هیچ دەوڵەتێکی نافەلەستینیمان بۆ کەرتی غەززە قەبووڵ نیە.
"باسم نەعیم" لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی حەماس ئەمڕۆ لە دیمانەیەکدا وتی: بۆ یەکەمجار لە مێژووی تێکهەڵچوون لەگەڵ رژیمی زایۆنیستی، فەلەستینیەکان دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان. ناوبراو وتیشی: گەلی فەلەستین دەتوانێ کەرتی غەززە ئاوەدان بکاتەوە.
ئەو ڕێبەرەی حەماس هەروەها وتی: دیمەنی ئەمڕۆ ئەوە دەسەلمێنێ کە خۆڕاگریی ئامادەیەو پەنجەی لەسەر پەلەپیتکەیە. وتیشی: هیچ دەوڵەتێکی نافەلەستینی بۆ کەرتی غەززە قەبووڵ ناکەین.
ئەوە لەکاتێکدایە کە "ئیلی کۆهێن"ی وەزیری وزەی رژیمی زایۆنیستی لە درێژەی لێدوانە پڕهەراکانی وتی کە کابینەی ئەو رژیمە ڕازی نەبووەو نابێ بەوەی حەماس بەسەر کەرتی غەززەدا زاڵ بێ.
لەلایەکی دیکەوە، "ناسر ئەبووشەریف" نوێنەری بزووتنەوەی جەهادی ئیسلامیی فەلەستین لە تاران بەئاماژە بەوەی کە خەڵکی فەلەستین، هیچ گەڵاڵەیەک بۆ ئیدارەی کاروباری ناوچەی غەززە لەلایەن بیانییەکانەوە، قەبووڵ ناکا، وتی: دانوستان بۆ چۆنیەتی ئیدارەو بەڕێوەبردنی کاروباری غەززە لەنێوان گرووپە فەلەستینیەکاندا دەس پێ بووە.