کاربەدەستی فەلەستینی: گەڕانەوەی دانیشتووانی باکووری غەززە پیلانی داگیرکەرانی تێکشکاند
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی یاسادانەری فەلەستین، بە ئاماژە بە گەڕانەوەی دانیشتووانی باکووری غەززە بۆ شوێنی ژیان و بۆ ماڵی خۆیان، جەختی کرد ئەم مەسەلەیە پلانی داگیرکەرانی زایۆنی تەواو پووچەڵ کردەوە.
حەسەن خەریشە، جێگری سەرۆک پەرلەمانی فەلەستین ڕایگەیاند: گەڕانەوەی دانیشتووانی باکووری غەززە بۆ زێدی خۆیان سەرباری هەموو پیلانگێڕییەکانی داگیرکەران بۆ کۆچپێکردنیان بە مانای سەرکەوتنە بۆ ویست و ورەی فەلەستینی و پووچەڵبوونەوەی هەموو پلانەکانی هاوپەیمانان بۆ وەدەرنانیان و ئاوارەکردنی دانیشتووانی کەرتی غەززەیە. ناوبراو وتی: گەلی ئێمە دیسان ئەوە سەلماند کە گواستنەوەی فەلەستینییەکان بە پێی داخوازی داگیرکەران بە هیچ لەونێ گونجاو نییە و ئەم گەلە خاوەنی مافێکی مێژوویی و یاساییە کە لە تۆسقاڵێکیشی پاشگەز نابێتەوە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی یاسادانەری فەلەستین داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی کرد ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە گەلی فەلەستین بەجێ بێنێ کە لە مەترسی سیاسەتی پاکتاوکردن و کۆچپێکردنی زۆرەملێدایە.
بەرپرسی لیژنەی کاروباری هۆز و عەشیرەتەکانی فەلەستین لە کەرتی غەززە، پلانەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە گواستنەوەی دانیشتووانی غەززە بۆ وڵاتانی دیکەی دایە بەر ڕەخنە و ڕایگەیاند: ئێمە ڕێگە نادەین هەرگیز نەگبەتەکەی ساڵی 1948 دووبارە ببێتەوە.
عاکف ئەلمەسری، بەرپرسی لیژنەی کاروباری هۆز وعەشیرەتە فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە، لە کاردانەوە بە گەڵاڵەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە گواستنەوەی دانیشتووانی غەززە بۆ وڵاتانی میسر و ئوردۆن، ئەو گەڵاڵەیەی بە جەنایەتی جەنگیی ئەمریکا دژی گەلی فەلەستین زانی. ناوبراو وتیشی: ئەم داخوازی و پلان و بەرنامانە لە ڕاستیدا لە درێژەی هەمان سیاسەتی کۆلۆنیالیستییە کە ئامانجیان تیابردنی دۆزی فەلەستین و بنپێکردنی هەموو مافە یاساییەکانی گەلەکەمانە.
تەمیم خەلاف، وەزیری دەرەوەی میسریش جەختی کردووە کە خەڵکی فەلەستین دەبێ لە وڵات و زێدی خۆیاندا بمێننەوە و ڕێز بگیردرێ لە مافی ڕەوایان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان.