شوبات 11, 2025 14:20 Asia/Tehran

دوابەدوای تەگەرەنانەوەکانی ڕژێمی زایۆنی لە پرۆسەی ڕێککەوتنی ئاگربڕ، قسەکانی ئەمدواییەی سەرۆک وەزیرانی ئەم ڕژێمە و سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە کەرتی غەززە، وتەبێژی هێزەکانی قەسام لقی سەربازی حەماس باسی دواخستنی پرۆسەی مامەڵەی دیلبەدیل لەگەڵ ڕژێمی زایۆنی کردووە.

دوابەدوای ڕاگەیاندنی دواخرانی پرۆسەی مامەڵەی دیلبەدیل لەلایەن حەماسەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری هەراسازکەری ئەمریکا هۆشداری داوە ئەگەر تا نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە هەموو دەستبەسەرکراوانی ئیسراییلی لە غەززە ئازاد نەکرێن، خوازیاری هەڵوەشانەوەی ئاگربڕ دەبێت. ترەمپ لە لێدوانێکی تونددا بانگەشەی کردووە کە بێتوو دەستبەسەرکراوان ئازاد نەکرێن، دەرگاکانی دۆزەخ دەکرێنەوە.

دوابەدوای ئەم قسانە عەبدوللەتیف قانوع وتەبێژی حەماس بە ئاماژە بەوەی کە بە گوشار و زمانی زۆر و هەڕەشە، دەستبەسەرکراوانی زایۆنی ئازاد ناکرێن، جەختی کرد کە دەبێت ڕژێمی داگیرکەر هەموو مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئاگربڕ لە قۆناغی یەکەم بە تەواوەتی جێبەجێ بکات، ئێمەش ئامادەی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی مامەڵەی دیلبەدیلین. بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستینی (حەماس) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە؛ ئەم بزووتنەوەیە هەموو بەڵێن و ئەستۆگرییەکانی خۆی بە وردی و بە ڕێک و پێکی لە کاتی خۆیدا جێبەجێ کردووە، بەڵام ڕژێمی داگیرکەر پابەند نەبووە بە بڕگەکانی ڕێکەوتن و چەندین پێشێلکاری و بێ بەڵێنی ئەنجام داوە.

ئەم پێشێلکارییانە بریتین لە دواخستنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ باکووری کەرتی غەززە، پەلاماردانی خەڵکی فەلەستین کە بۆتە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک لەو خەڵکە لە ناوچە جۆربەجۆرەکاندا، پێشگری بە هاتنی کەرەستەکانی پێویستی نیشتەجێکردن لەوانە خێوەت و ماڵی ئامادە، دابینکردنی سووتەمەنی، هەروەها دابینکردنی ماشێن و کەرەستەکانی تایبەت بە کۆکردنەوەی دار و پەردووی ماڵە ڕووخاوەکان و هێنانەدەری تەرمەکان، و هەروەها تەگەرەنانەوە لە پرۆسەی هاتنی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی پێویست بۆ بنیاتنانەوەی و بووژاندنەوەی نەخۆشخانەکان و بەشی تەندروستی.

حەماس جەختی کردووە کە ئەم بزووتنەوەیە ئەم بێبەڵێنییانەی هەموو بە بەڵگەوە کۆکردووەتەوە و بەردەوام ڕاپۆرتی داوە بە نێوبژیوانان، بەڵام ڕژێمی داگیرکەر ئێستاش هەر بەردەوامە لە بەڵێنشکێنییەکانی. پێشتریش حەماس جەختی کردبوو کە قسە بێ سەروبەرەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆتە هۆی ئاڵۆزکاوتر بوونی قۆناغەکانی دواتری ئاگربڕ.

سەرپەیڤ