ئادار 18, 2025 16:45 Asia/Tehran
  • غەززە دیسان لە ژێر ئاگر و گولـلە

پاش ڕاگەیەندرانی دەستپێبوونەوەی شەڕی دژ بە کەرتی غەززە، پەلامارە دڕندانەکانی زایۆنییەکان ئەویش بە پاڵپشتیی هەمەلایەنەی ئەمریکا لە سەرانسەری ئەم کەرتە دەست پێ بوویەوە.

ڕژێمی زایۆنی خولی نوێت دەستدرێژی خۆی بۆ سەر کەرتی غەززەی دەستپێکرد. سەرچاوە فەلەستینییەکان باسیان لەوە کردووە کە کۆمەڵێک هاووڵاتی لە دەڤەری نەخۆشخانەی ئەڕەنتیسی لە غەززە پەلامار دراون، لە لایەکی دیکەوە هیچکام لە ناوچەکانی کەرتی غەززە لەم هێرشانە ڕزگاریان نەبووە و ڕژێمی زایۆنیش خانووی نیشتەجێبوون و قوتابخانە و ئەو خێمانەشی بۆردومان کردووە کە ئاوارەکانیان تێدا نیشتەجێ بوون.

ژمارەی شەهیدانی ئەم پەلامارانە گەیشتووەتە ٤٥٠  کەس و ژمارەی بریندارەکانیش لە زیادبووندایە. لە هەمان کاتدا وەزارەتی تەندروستیی غەززە ڕایگەیاندووە کە دەستڕاگەیشتن بەو بریندارانەی کە لە ژێر داروپەردوودان، گونجاو نییە و هەروەها نەبوونی ئیمکانات بۆ ڕزگارکردنی بریندارەکان کارەکەی تەواو قورس کردووە. هەروەها یەسرائیل کاتز وەزیری جەنگی ئیسراییل فەرمانی داخستنی دەروازەی ڕەفەحی دەرکرد و لە هەمان کاتدا کە دەروازەکە داخرا، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر شاری ڕەفەحیش دەست پێبوویەوە.

وتەبێژی کۆشکی سپی هەروەها ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی ئیسراییل سەبارەت بە هێرشەکانیان بۆ سەر کەرتی غەززە ڕاوێژیان لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ کردووە، کارۆلین لیڤیت دانی بەوەداناوە کە ئەم هێرشانە بە هەواهەنگی و پشتیوانییەکی پتەوی ئەمریکا دەستی پێکردووە و واشینگتۆنیش بە شێوەیەکی ئاشکرا و بەرفراوان پشتیوانی ئەم کارەی ڕژێمی زایۆنیی کردووە. 

لە هەمان کاتدا دوکتور عەبدوللەتیف ئەلقانووع، وتەبێژی بزووتنەوەی حەماس، لە کاردانەوە بە دەستپێکرانەوەی پەلامارە دڕندەکانی سوپای زایۆنی بۆ سەر غەززە، ڕایگەیاند کە ڕژێمی داگیرکەر، بە هەواهەنگی لەگەڵ ئەمریکا، شەڕی ژینۆسایدی دژ بە غەززەی دەستپێکردووەتەوە و چەندین تاوانی دژ بە گەلەکەمان ئەنجامداوە. 

ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوان ئانڕوا و یونیسێف ڕایانگەیاندووە کە دیمەنەکانی کوژرانی خەڵکی غەززە لە پەلامارەکانی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی ئیسراییل ترسناکن. ئانتۆنیۆ گۆتێرێش ئەمینداری گشتی ئەم ڕێکخراوە، هەروەها جەختی لەسەر گرینگایەتی ڕێزگرتن لە ڕێککەوتنی ئاگربەست و گەیشتنی یارمەتییەکان بە کەرتی غەززەی کردووەتەوە.

 

سەرپەیڤ