حەماس: جەنایەتێکی دیکە زێدەبوو بە کارنامەی ڕەشی داگیرکەران
بزووتنەوەی حەماس بە شەرمەزارکردنی پەلاماری ئاسمانی ڕژێمی زایۆنی کە بووە هۆی شەهیدبوونی پەیامنێرێکی فەلەستینی و بنەماڵەکەی، ئەم کردەوەی بە بەشێک لە سیاسەتی ئامانجداری سەرکوتکردنی میدیاکان و بەردەوامکردنی جەنایەتە جەنگییەکانی ئەم ڕژێمە زانی.
بزووتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ڕژێمی داگیرکەر بە پەلاماردانی محمد ساڵح ئەلبەردویل، پەیامنێری فەلەستینی هاوڕێ لەگەڵ ژن و ٣ منداڵی لە پەلامارێکی ئاسمانی بۆ سەر ماڵەکەیان لە خانیونس، جەنایەتێکی دیکەی زێدە کرد بە کارنامەی ڕەشی خۆی.
ئەم بزووتنەوەیە جەختی کرد کە پەلاماری ڕاستەوخۆ بۆ سەر پەیامنێرانی فەلەستینی بەشێکە لە سیاسەتی سەرکوتکارانەی بنیامین نەتانیاهۆ و درێژەی پێشێلکاریی ئاشکرای یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و مافی مرۆڤ و ئەوە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگای جیهانی بەرامبەر بەو کردەوانە بێدەنگە. بەپێی ئاماری ڕاگەیەندراو لە لایەن حەماسەوە، لە دەستپێکی شەڕی ڕژێمی زایۆنی دژ بە گەلی فەڵەستین تا ئێستا ٢٠٩ پەیامنێری فەلەستینی شەهید بوون کە زۆربەیان هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکانیان بوونەتە قوربانی.