بەردەوامیی پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر غەززە
لە سی و چوارەمین ڕۆژی دەستپێکرانەوەی پەلامارەکان بۆ سەر کەرتی غەززە، ڕژێمی زایۆنی باڵەخانەکانی نیشتەجێبوونی لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە خاپوور کرد و بە تەوژمێکی قورسەوە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەم شارەی دایەبەر بۆردمانەوە.
سەرچاوە فەلەستینییەکان باسی شەهیدبوونی سێ فەلەستینی و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکەیان کردووە لە بۆردومانی ئەمڕۆی ماڵێکدا لە ڕۆژاوای کەمپی نوسەیرات، هەروەها شەهیدبوونی ژنێکی فەلەستینی و برینداربوونی چوار کەسی دیکە لە کاتی بۆردومانی خێمەیەکی ئاوارەکان لە ناوچەی ئەلمەواسی. وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە غەززە ڕایگەیاند لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٤٤ فەلەستینی لە هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیدا شەهید بوون و ١٤٥ کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها لە ئەنجامی پەلامارە درۆنییەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە باشووری لوبنان کەسێک شەهید بووە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە. ژمارەی شەهیدانی شەڕی ژینۆسایدی ڕژێمی زایۆنی لە دژی غەززە لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە بۆ ٥١ هەزار و ٢٠١ کەس بەرز بۆتەوە و ژماری بریندارەکانیشگەیشتۆتە ١١٦ هەزار و ٨٦٩ کەس. ئەمە لە کاتێکدایە کە یونیسێف وشداری داوە لە دۆخی نالەباری نەخۆشخانەکانی منداڵان لە غەززە و ڕایگەیاندووە کە نەخۆشخانەکانی غەززە کەرەستەی پزیشکیی پێویستیان نییە و لە بارودۆخێکی زۆر نالەباردا کار دەکەن. زیندوومانی منداڵانی غەززە گرێدراوە بە دووبارە دامەزراندنەوەی ئاگربەست و گەیشتنی یارمەتییەکان بە کەرتی غەززە. ناوەندە تەندروستییەکانی غەززە بەردەوام بە هۆی کۆتایی هاتنی پێداویستییە پزیشکییەکان، لاوازتر و بێکەڵکتر دەبن. شایانی باسە لە ٢ی مارسەوە تا ئێستا ڕێگا نەدراوە بە گەیشتنی هاوکاری و پێداویستییە مرۆییەکان بە کەرتی غەززە.