تەشەنەی پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر غەززە
May 15, 2025 15:10 Asia/Tehran
لە پەلامارەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە و کەرتی ڕۆژاوا زیاتر لە ٦٠ فەلەستینی شەهید بوون.
ئەم پەلامارانە لە درێژەی دەسترێژیی بێ بڕانەوەی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ناوچە ئاوەدانەکانی غەززە ئەنجام دراوە و زیاتر تەرکیزی لەسەر شاری خانیونس بووە. لەم پەلامارانەدا حەسەن سەموور، پەیامنێری فەلەستینی و ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە شارۆچکەی بەیت سوهەیلا شەهید کران. هاوکات هێزی سەربازی ڕژێمی زایۆنی هێرشی کردە سەر شارۆچکەی تەموون لە باکووری کەرتی ڕۆژاوا و دەستی دایە گەمارۆدان و تەقەکردن لە ماڵێک. لقی سەربازی جەهادی ئیسلامی فەلەستین ڕایگەیاندووە هێزەکانی ئەم گرووپە لە باکووری کەرتی ڕۆژاوا لەگەڵ هێزی داگیرکەری زایۆنی تێکهەڵچوون و تەقەیان لێکردوون، هەروەها درۆنێکی زایۆنییەکانیشیان خستۆتە خوارەوە.