شەهیدبوونی٩٧فەلەستینی لە پەلامارەکانی رۆژی هەینیی سەر کەرتی غەززە
سەرچاوە پزشکییەکان ڕایانگەیاند، لە پەلامارەکانی سوپای داگیرکەری زایۆنی بۆسەر کەرتی غەززە لە رۆژی هەینیدا، ٩٧ فەلەستینی شەهید بوون.
فڕۆکە شەڕکەرەکانی رژیمی زایۆنی پاش نیوەڕۆی رۆژی هەینیش قوتابخانەی "ئوسامە بن زەید" لە باکوری کەرتی غەززەیان بۆردومان کرد کە شوێنی حەوانەوەو نیشتەجێبوونی ئاوارە فەلەستینیەکان بوو و بەهۆیەوە، دە ئەندامی خێزانێک شەهیدو بە دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
تەرمی هەموو قوربانیانی ئەو دڕندەکارییە، سووتاون.رژیمی زایۆنی لە ٧ی ئۆکتۆبری٢٠٢٣وە شەڕی دژ بە کەرتی غەززە بە دوو ئامانجی سەرەکیی واتە لەناوبردنی بزووتنەوەی حەماس و گەڕاندنەوەی گیراوان لەوناوچەدا دەسپێکرد بەڵام لە گەیشتن بەو ئامانجانە، شکستی هێناو ناچار بوو لەگەڵ بزووتنەوەی حەماسدا ڕێککەوێ بەمەبەستی پێک گۆڕینەوەی دیلکراوان و گیراوان.لە١٩ی ژانڤییەی٢٠٢٥ بەپێی ڕێککەوتنی نێوان حەماس و رژیمی زایۆنی، لە کەرتی غەززە ئاگربەس کراو بەهۆیەوە، ژمارێک دیل و گیراو پێک گۆڕدرانەوە بەڵام دواتر، رژیمی زایۆنی خۆی بوارد لە دانوستانەکانی قۆناخی دووەمی ئاگربەس و لە سەرلەبەیانی رۆژی سێ شەممەوە ڕێکەوتی ١٨ی مارس بە بەزاندنی بڕگەکانی ئاگربەس، دەسدرێژکاریییە سەربازییەکانی بۆسەر کەرتی غەززە دەسپێکردەوە.