رژێمی زایۆنیستی ریزی دابەشکردنی خۆراکی منداڵانی لە دێر ئەلبەلەح بۆمباران کرد
فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی زایۆنیستی، بە بۆمبارانکردنی ریزی دابەشکردنی خۆراک بەسەر منداڵانی فەلەستینی لە دێر ئەلبەلەح، کە دەکەوێتە ناوەڕاستی غەززە، دەستیان دایە تاوانێکی قێزەون کە بووە هۆی شەهیدبوونی 17هاووڵاتی سڤیل. راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆربەی قوربانیانی ئەم هێرشە بەئەنقەست، ژنان و منداڵان بوون.
لەو هێرشەی فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی زایۆنیستیدا، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بریندار بوون کە باری تەندروستی هەندێکیان ناجێگیر راگەیەندراوە. ئەم تاوانە لە کاتێکدا روویدا کە هێرشە ئاسمانییەکانی داگیرکەران لە ناوچەکانی دیکەی غەززە بووە هۆی شەهیدبوونی 23 فەلەستینیی دیکە. هێزەکانی رژێمی زایۆنیستی جگە لەم هێرشە، خانووی هاووڵاتییانی سڤیلیان لە گەڕەکەکانی زەیتوون، دەرراج و توفاح لە رۆژهەڵاتی غەززە کردە ئامانج. هاوکات، راپۆرتەکان باس لە تەقینەوە و تەقەکردنی کواد کۆپتەرەکان لە جەبالیا دەکەن.
هێرشە دڕندانەکانی رژێمی داگیرکەر بۆ سەر دێر ئەلبەلەح، کەمپەکانی بورەیج، نوسەیرات، خان یونس و هەروەها خێوەتی ئاوارەکان لە ناوچەکانی مەوەسی، مەسلەخ و کەمپی رەحمە، بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەکی دیکە لە فەلەستینییەکان، لەوانە ژنان و منداڵان. بەدوای زیادبوونی تاوانەکانی رژێمی زایۆنیستیدا، هەشت رێکخراوی ناحکومی ئەوروپی لە کۆنفرانسێکدا لە برۆکسل داوای ئاگربەستی دەستبەجێ و راگرتنی پاکتاوی رەگەزییان لە غەززە کرد. ئەوان بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە تاوانەکانی دژە مرۆڤایەتی ئەم رژێمە، هۆشدارییان دا کە رژێمی زایۆنیستی بە سنووردارکردنی هاوکارییە مرۆییەکان، برسێتی وەک چەکێکی جەنگی دژی خەڵکی غەززە بەکاردەهێنێت. بەگوێرەی راپۆرتی ئەم رێکخراوانە، هەزاران فەلەستینی لە جەنگی غەززەدا کوژراون یان بێسەروشوێن بوون و دۆخی مرۆیی لەم ناوچەیەدا گەیشتووەتە قۆناغێکی کارەساتبار.