بەردەوامیی پەلاماردرانی ناوچە مەدەنییەکانی غەززە/ دەیان فەلەستینی دیکە شەهید بوون
لە یەکەم کاتژمێرەکانی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆوە، سوپای داگیرکەری زایۆنی شاڵاوێکی تازەی پەلاماری ئاسمانی، تۆپخانەیی و دەریایی بۆ سەر ناوچە جۆراوجۆرەکانی کەرتی غەززە دەست پێکردووە کە بە هۆیەوە دەیان کەسی مەدەنیی فەلەستینی شەهید و بریندار بوونە.
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسراییل دەستیان دایە بۆردومانکردنی ناوچەکانی دەوروبەری گەڕەکی ئەمەل و دەڤەری زانکۆی ئەلئەقسا لە ناوچەی ئەلمەواسی کە لە ڕۆژاوای خان یونس هەڵکەوتووە. دوابەدوای پەلامادرانی خێوەتەکانی ئاوارەکان لەم ناوچەیە، ئاگریکی بەربڵاو کەوتەوە کە بە هۆیەوە ٥ کەس شەهید بوون و زیاتر لە ٢٠ کەسیش بریندار بوون.
لە ناوچەی ئەشافعیی شاری خان یونسیش ماڵی بنەماڵەی ئەبووسەحلوول کەوتە بەر پەلامار کە بووە هۆی شەهید و بریندار بوونی چەن کەسی دیکەیش.
ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای شاری غەززەیش بەرەو ڕووی ئاگری تۆپخانە، گوللەباران و تەقەی هێزەکانی داگیرکەر بوونەوە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شیفای غەززەیش بە وشداریدان لەحاند کەمبوونی کەرەستەی پزیشکی لەم ناوچەیەدا وتیشی: ١٧ منداڵ لە غەززە تووشی بەدخۆراکییەکی قورس و نالەبار بوونە.
گرووپی داکۆکیی جیهانیش جەختی کرد کە لەبەر دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە هیچ شوێنێکی ئەمن لەم کەرتەدا بوونی نییە بەتایبەت بۆ کەسانی بەساڵاچوو و کەم ئەندام. هاوکات نووسینگەی هەواهەنگیی کاروباری مرۆڤدۆستانەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە ٨٠%ی ئەم کەسانە کەرەستەی پێویستی خۆیان لەوان ڤیلچێر، بیستۆک و واکەرەکانیان لە دەستداوە.
بە پێی هەواڵێکی دیکە، سەرایا ئەلقودس لقی سەربازیی جەهادی ئیسلامیی فەلەستین، ئۆتۆمبیلێکی زرێی سوپای داگیرکەری لە شاری قودس تیابردووە.
وتەبێژی سوپای ڕژێمی زایۆنیش باسی برینداربوونی پێنج سەربازی ئەم ڕژێمەی کردووە لە شەڕ و پێکدادانیان لەگەڵ هێزەکانی خۆراگری لە غەززەدا.