هەڵکشانی ژماری شەهیدانی غەززە
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک سەبارەت بە دوایین ڕێژە و ئاماری شەهیدان و بریندارانی دەستدرێژیی بێ وچانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ئەم ناوچەیە ڕایگەیاند؛تەنیا لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا ٨٩ شارومەندی فەلەستینی لەم کەرتە شەهید بوون و سەدان برینداریش گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان.
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە لەم بەیاننامەیەدا وتیشی: "لە شەو و ڕۆژی ڕابردوودا ٨٩ شەهید، لەوانە ٩ تەرم کە لە ژێر داروپەردووی ماڵ و باڵاخانە ڕووخاوەکان هێنرابوونە دەرەوە، هەروەها ٤٦٧ برینداریش گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی غەززە."بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ژمارەی گشتیی شەهید و بریندارانی دەستدرێژیی ڕژێمی زایۆنی لە دەستپێکی پەلامارەکەوە لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ تا ئێستا گەیشتۆتە ٥٩ هەزار و ٦٧٦ شەهید و ١٤٣ هەزار و ٩٦٥ بریندار. لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٩ کەس لەو شەهیدانەی لە بنکەکانی دابەشکەری خۆراکدا شەهید بوون و هەروەها زیاتر لە ٤٥ برینداریش گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان. بەم چەشنە ژماری گشتی شەهیدانی هاوپێوەند بە وەرگرتنی یارمەتی خۆراکی و مرۆیی گەیشتۆتە ١٠٩٢ کەس و زیاتر لە ٧ هەزار و ٣٢٠ کەسیش هەر لەو بنکانەی دابەشکردنی خۆراک و یارمەتیی مرۆڤدۆستانەدا بریندار بوون.