درێژەی جەنایەتەکانی رژێمی زایۆنی لە غەززە
رژێمی زایۆنی لە درێژەی دەسدرێژکارییەکانی و پێشێلکردنی ئاگربڕ لە کەرتی غەززە هەروا بەردەوامە لە پەلاماردانی ناوچەکانی ناسراو بە هێڵی زەرد لە ڕۆژهەڵاتی کەرتی غەززە لەڕێی بۆردومان و وێرانکردنی خانووبەرە و ژێرخانەکان.
سوپای داگیرکەری زایۆنی چەند ناوچەیەکی باکووری رۆژهەڵاتی "خان یونس"ی دایەبەر پەلامار و بەچڕی تۆپبارانیانی کرد. میدیا فەلەستینیەکان هەروەها ڕایانگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو رژێمە چەند ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی شاری غەززەیان بۆردومان کرد. شاری بەیت لاهیا لە باکووری کەرتی غەززەش، کەوتەبەر دەسڕێژ و پەلاماری بەرفراوانی چەکدارانی زایۆنی؛ ئەوە لەکاتێکدایە کە شاری غەززە تەنانەت پاش ئاگربڕیش ڕووی هێمنی و ئارامیی بەخۆیەوە نەدیوە، ژماری شەهیدانی ئەو کەرتە تادێ زیاد دەکا. وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە ڕایگەیاندووە کە لەماوەی ٢٤کاتژمێری رابردوو، تەرمی هەشت شەهید و١٦بریندار گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی غەززە. بەپێێ ڕاگەیاندنی ئەو وەزارەتە، لەکاتی دەسپێبوونی ئاگربڕ هەتاکوو ئێستا ٣٦٦ کەس لەئاکامی پەلامارەکانی رژێمی زایۆنی شەهید و ٩٣٨کەسیش بریندار بوون. لە دەسپێکی دەسدرێژکارییەکانی رژێمی زایۆنیستی بۆسەر کەرتی غەززە، حەفتا هەزار و١٢٥ فەلەستینی شەهیدبوون و تەرمی هەزاران کەسیش لەژێر داروپەردوودا ماونەتەوە. هاوکات لەگەڵ پێشێلکرانی بەردەوامی ئاگربەس لە کەرتی غەززە، چەکدارانی داگیرکەری رژێمی زایۆنیستی لە لێواری رۆژاوا، پەلاماری ناوچە جیاجیاکانی ئەو ناوچەیان داوە کە تێکهەڵچوون لەگەڵ گەنجانی فەلەستینی بەدواوە بووە.