سوپای رژیمی زایۆنی باڵەخانە نیشتەجێبووەکانی باشوری شاری غەززە دەتەقێنێتەوە
سوپای رژیمی زایۆنی ئەمڕۆ هێرشی چڕی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی جیاوازی غەززە ئەنجامداوە کە باڵەخانە نیشتەجێبوەکانی لە گەڕەکی زەیتون لە باشوری ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە تەقاندوەتەوە، هەروەها لە هێرشی دیکەی ئاسمانیدا بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی ئەو کەرتە، ژماریەک کوژراو و برینداری لێکەوتوەتەوە.
میدیاکانی فەڵەستین بڵاویانکردەوە کە سوپای رژێمی داگیرکەر باڵەخانە نیشتەجێبوەکانی لە گەڕەکی زەیتون لە باشوری ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە تەقاندوەتەوە. هەروەها لە بۆردومانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی زایۆنی بۆ سەر دەوروبەری بازنەی عەتاترە لە ڕۆژئاوای بەیت لاهیا لە باکوری کەرتی غەززە، فەڵەستینییەک کوژراوە و سێی دیکەش برینداربون.
لەلایەکی دیکەوە ناوەندی ڕاگەیاندنی فەڵەستینی لە زاری سەرچاوە خۆجییەکانەوە گواستییەوە کە "شەهیدێک و سێ بریندار گەیشتونەتە نەخۆشخانەی شیفا بەهۆی بەئامانجگرتنیان لەلایەن فڕۆکەیەکی کوادکۆپتەری سوپای زایۆنییەوە لە بازنەی عەتاترە لە باکوری غەززە".
سەرچاوە خۆجییەکان ڕایانگەیاند "ئەفسەرێکی بەرگری شارستانی بەهۆی سەختی برینەکەیەوە شەهید بوە کە دوێنێ لە کاتی بەئامانجگرتنی دەوروبەری مزگەوتی ڕیبات لە پڕۆژەی بەیت لاهیا لە باکوری غەززە بریندار ببوو". هەروەها فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی هێزەکانی رژێمی زایۆنیستی بۆمبی خستە نزیک مزگەوتی ڕیبات لە کەمپی پەنابەرانی جەبالیا لە باکوری کەرتی غەززە، و بووە هۆی برینداربونی دوو کەس لە ناوچەی فالوجە.