توندبوونەوەی نیگەرانییەکان سەبارەت بە دۆخی کارەساتباری مرۆیی لە کەرتی غەززە
هاوکات لەگەڵ بەردەوامی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە و گەمارۆدانی ئەو کەرتە لە لایەن سوپای تیرۆر، باران و لافاو و نەبوونی ئیمکاناتی خۆپارێزی، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە دۆخی کارەساتبارانەی مرۆیی لە کەرتی غەززە زیاتر کردووە.
میدیا فەلەستینییەکان بە ڕاگەیاندنی درێژەی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنی لە کەرتی غەززە، هەروەها جەختیان لەوە کردەوە کە دەیان فەلەستینی و ئاوارەی دانیشتووی خێوەتەکان بە هۆی باران و لافاو و زریانەکانەوە تووشی کێشەی بەرفراوانن . فیلیپ لازارینی کۆمیساری گشتی ئانڕوا ڕۆژی هەینی نیگەرانی خۆی لە دۆخی کارەساتباری مرۆیی کەرتی غەززە لە ئەنجامی زریان و باران و لافاوەکان دەربڕی و ڕایگەیاند: فەلەستینیەکانی دانیشتووی کەرتی غەززە کە هەموو شتێکیان لەدەستداوە، ڕووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی ئازار بوونەتەوە، چونکە باران بارینەکان لافاو و وێرانکاری و مەترسی تەندروستی زیاتری لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. مونیر ئەلبەرش، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە غەززە هەروەها هۆشداریدا لەوەی دابەزینی بەرچاوی پلەی گەرما و هاتنە ناوەوەی ئاوی باران بۆ ناو خێوەتی ئاوارەکان ژیانی منداڵان و بەساڵاچووان و نەخۆشانی خستووەتە مەترسی مردن و ئەم دۆخە لە کاتێکدا ڕوودەدات کە ئاوارەکان لەگەڵ نەبوونی ئیمکاناتی سەرەتایی و نەبوونی خزمەتگوزاری ژیان و گەمارۆدانی ڕژێمی زایونی ڕووبەڕوون . حازم قاسم، وتەبێژی بزووتنەوەی حەماسیش بە ئاماژەدان بە دۆخی کارەساتباری ئێستای غەززە وتیشی : کەرتی غەززە بەهۆی زریان و بارانبارینی ئەم دواییە و کەوتنە ژێر ئاوی هەموو پەناگە کاتییەکان لەگەڵ کارەساتێکی ڕاستەقینەی دیکەدا ڕووبەڕوون . مەحمود بەسەل ، وتەبێژی لیژنەی فریاگوزاری شارستانی لە کەرتی غەززە، بە ئاماژەدان بە وێرانکارییەکانی غەززە و بەردەوامی باران و لافاو، وتی: سیستەمی خزمەتگوزاری لە غەززە بەرەو داڕمان دەڕوات و لەگەڵ هەر شەپۆلێکی باران بارین، مەترسییەکان زیاتر دەبن و مەترسی لەسەر ژیانی هەزاران کەس دروست دەکەن. هەروەها ئیسماعیل سەوابەتە بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومی لە غەززە، لە بارەی خراپتربوونی دۆخی مرۆیی کەمپەکانی پەنابەرانی فەلەستینی لە ناوچەکەدا ڕاپۆرتی دا و وتی: بەهۆی بەردەوامی بارانبارین و نەبوونی ئیمکاناتی سەرەتایی دەیان هەزار خێوەت زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها زیاتر لە 22 هەزار خێوەتی پەنابەران بە تەواوی لەناوچوون، هەروەها کەرەستەی سەرەکی وەک عایق و پەتووەکان لەناوچوونە”. بزووتنەوەی حەماسیش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە دوژمنی تاوانکار بە تەواوی بەرپرسیارە لەم بارودۆخە کارەساتبارەدا .