دۆخی نالەباری کەشوهەوا لە کەرتی غەززە
بارانی بەلێزمە و باهۆزی وەرزانە لە غەززە ئێستایش هەر مەترسییە لەسەر ژیانی هەزاران فەلەستینی.
بارانبارینی بێوچان لە کەرتی وێرانکراوی غەززە جارێکی دیکە کارەساتێکی نوێی مرۆیی لێکەوتۆتەوە و دەیان خێوەتی ئاوارەکان ژێرئاو کەوتووە و بارودۆخی ژیانی دانیشتووانی هێندەی تر دژوار کردووە. کۆبینای پزیشکی شیفا لە غەززەیش بەهۆی بارانی زۆرەوە ڕووبەڕووی بارودۆخێکی قەیرانی بووەتەوە، هەروەها ژووری پێشوازی و بەشی پشکنینی نەخۆشەکان و شوێنی تایبەتی ستافی پزیشکی لەو کۆبینایەدا لە دۆخێکی زۆر خراپدان. وتەبێژی ڕێکخراوی بەرگریی شارستانی غەززەیش ڕایگەیاندووە کە دوابەدوای تیاچوونی خێمەی ئاوارەکانی فەلەستینی ١٥ فەلەستینی بە ٣ منداڵیشەوە گیانیان لەدەست داوە. لەلایەکی دیکەوە وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی فریاگوزاری لە غەززە، بە پێداگری لەسەر نالەباربوونی دۆخی مرۆیی بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی پێویست، ڕایگەیاندووە کە ، بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە ٩٠%ی کەمپەکان زیانیان بەرکەوتووە. ناوبراو بەردەوام بوو لە وشداردان لەحاند بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان دوای کۆتایی هاتنی بارودۆخی خراپی کەشوهەوا. لە هەمان کاتدا کازم ئەبو خەلەف وتەبێژی یونیسێف لە فەلەستین ڕایگەیاند کە بارودۆخی ژیانی منداڵان لە کەرتی غەززە بە هۆی ساردبوونی هەوا و بارینی بەخوڕ و درووستبوونی لافاو گەلێک دژوارتر بووە. وتەبێژی یونیسێف وتیشی: ئێمە دەمانەوێت پەناگە بۆ خەڵک دابین بکەین و دەست بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە بکەین، هەروەها جیهان دەبێت بەرپرسیارێتییە مرۆییەکانی خۆی جێبەجێ بکات. وتەبێژی بزووتنەوەی حەماسیش، بە وشداریدان لەحاند دەرئەنجامە مرۆییەکانی ئەم بارودۆخە، ڕەخنەی گرت لە بێتوانایی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتە لە نەهێشتنی گەمارۆکە و دابینکردنی کەمترین کەرەستە بۆ نیشتەجێکردنی بەپەلە و پێویستی ئاوارەکان.