بەرز بوونەوەی ژۆماری شەهیدانی کەرتی غەززە
لەگەڵ بەردەوامیی دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە، وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا تەرمی شەهیدێک لە ژێر داروپەردووەکان دەرهێنراوە و 13 بریندار بۆ نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە گواستراوەتەوە.
بە شەهیدبوون و برینداربوونی ١٤ فەلەستینی لە کەرتی غەززە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ژمارەی شەهیدانی دەستدرێژیی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ئەو کەرتە پاش شەڕی باهۆزی ئەقسا گەیشتە ٧٠ هەزار و ٦٦٩ شەهید و سەت و حەفتا و یەک هەزار و ١٦٥ بریندار. وەزارەتی تەندرووستی غەززە هەروەها ڕایگەیاند کە زارۆکێکی تەمەن یەک مانگی فەلەستینی لە خان یونس لە باشووری غەززە بەهۆی سەرمایەکی زۆرەوە شەهید بوو . بە هۆی باران بارینی بەخوڕ و هاتنی لافاو لەم مانگەدا لە کەرتی غەززە، لانیکەم ١٨ هاووڵاتی فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە. هەروەها دەیان باڵەخانەی نیشتەجێبوون بە تەواوی وێران بوون یان زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە. سەرچاوەکانی هەواڵ لە غەززە هەروەها ڕایانگەیاندووە کە سەدان هەزار ئاوارەی فەلەستینی کە لە هێرشەکانی ڕژێمی زایونی ماڵەکانیان وێران بووە، لە بارودۆخێکی زۆر سەخت و بە بێ کەمترین ئیمکاناتی سەرەتایی ژیان بەسەر دەبەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕژێمی زایونی لە بەڵێنەکانی ئاگربەستی بە جێ نەهێناوە و ڕێگری دەکات لە گەیاندنی یارمەتییەکان و کانکس و سووتەمەنی و ئامێرەکانی لابردنی ئاوار بۆ ناو ئەم کەرتە. لە کەناری ڕۆژئاواش، ئەمڕۆ، هێزە داگیرکەرەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر شارەکانی جێنین، قەلقیلیە، ئەلخەلیل و نابلوس و چەندین فەلەستینییان دەستگیرکرد. هاوکات لە گەڵ درێژەی پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر غەززە و کەناری ڕۆژئاوا، سەرچاوە هەواڵییەکانی لوبنانیش ڕاپۆرتیان دا کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی زایۆنیستی چەندین پەلاماری ئاسمانییان بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی لوبنان ئەنجام داوە. ڕژێمی زایۆنی لە دوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامی ئاگربڕ لە گەڵ لوبنان زیاتر لە چوار هەزار و ٥٠٠ جار ڕێککەوتنەکەی پێشێل کردووە.