کانونی یه‌که‌م 30, 2025 19:52 Asia/Tehran
  • ٢٥ فەلەستینی لە غەززە لە سەرما ڕەقبوونەوە

بەرگریی شارستانی غەززە ڕایگەیاندووە، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و سەرما و سۆڵە، هەر لەم مانگەدا ٢٥ کەس گیانیان لەدەستداوە کە شەشیان منداڵن.

مەحمود بەسەل، وتەبێژی بەرگریی شارستانی غەززە ڕایگەیاند، ژماری شەهیدانی فەلەستینی بە شەش منداڵیشەوە، کە بەهۆی بارانبارین و سەرمایەکی زۆرەوە لەم مانگەدا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٢٥ کەس. ناوبراو وتیشی کە ٩٠%ی خێوەتەکانی پەنابەران بە هۆی بارینی بە خوڕ و هەڵکردنی بایەکی تووند و سارد تێکشکاوە و یان ئاو بردوویە و هەر بۆیە ئێستاکە هەزاران خێزانی فەلەستینی پەناگەی کاتی و کەلوپەلە زۆر کەمەکەیشیان لەوانە جلوبەرگ و بەتانی و دۆشەکەکیشان بۆ نەماوە. بەسەل بە جەختکردنەوە لەسەر خراپتربوونی دۆخی مرۆیی لە غەززە و کەرتی ڕۆژاوا، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە هەنگاوی "جددی" بگرنەبەر و هاوکاری مرۆیی دەستبەجێ پێشکەش بکەن و بە کردەوە بێتە مەیدان بۆ ئاوەدان کردنەوە و دابین کردنی شوێنی نیشتەجێبوونی سەلامەت بۆ پاراستنی ڕێز و ژیانی فەلەستینییەکان. ناوبراو هۆشداریشیدا لەوەی بەردەوامی بارانبارین ڕەنگە ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی خەڵکێکی زیاتر، چونکە پەنابەران لە چادری شڕ و بەکەڵکنەهاتوو و باڵەخانەی نیوەڕووخاودا ژیان دەبەنە سەر. عەدنان ئەبو حەسنە، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی  ئانڕوایش بە ئاماژە بە بەردەوامی  سەرما و سۆڵە و بارانبارینی بەخوڕ ڕایگەیاند: ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار دانیشتووی کەرتی غەززە بەدەست کەمبوونی کەرەستەی گەرم کەرەوە، بەدخۆراکی و کەمبوونی خۆراکەوە دەناڵێنن. ئەبو حەسەنە وتیشی: لە کاتێکدا سەرماو سۆڵەیەکی ڕچێنەر  و بایەکی بەهێز کەرتی غەززەی گرتووەتەوە و هەزاران خێمەی شڕی لە بنەوە هەڵکێشاوە، ڕژێمی داگیرکەر بەردەوامە لە ڕێگریکردن لە گەیشتنی ئەو یارمەتییە مرۆییانەی کە پێویستن بۆ وەرزی زستان.

سەرپەیڤ