کانونی دوھەم 14, 2026 13:45 Asia/Tehran

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومیی لە غەززە ڕایگەیاند: لەئاکامی بارانبارینەکان لە دوو رۆژی رابردوودا بیست و چوار فەلەستینی لەئەنجامی وێرانبوونی ماڵ و خانووبەرەکان و هەروەها خراپ بوونی حەوت هەزار خێوەت شەهیدبوون.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومیی لە غەززە رایگەیاند: لە دوو رۆژی ڕابردوودا و دوای بارانبارینی زۆر٢٤ فەلەستینی لەوان ١٨منداڵ لەبەر سەرماو سۆڵە لە خێوەتی ئاوارەکان گیانیان لەدەست داوە. 

ئەو نووسینگەیە لە بەیاننامەیەکدا جەختی کردووە کە کارەساتی مرۆیی لە غەززە پەرەی سەندووەو ژینۆساید و گەمارۆی خەڵک لەو ناوچەدا لەلایەن رژێمی زایۆنیستی و هەروەها وێرانکرانی خانووبەرەو ماڵ و ژێرخانەکان و کۆچی زۆرەملێی زیاتر لە یەک و نیو ملوێن فەلەستینی بۆنێو خێوەتی ئاوارەکان هەروا بەردەوامەو ئەوان لە کەمترین پێداویستیی و ئیمکانات بێ بەشن. ئەو نووسینگەیە داوای لە کۆمەڵگای جیهانی، نەتەوە یەکگرتووەکان و دەم و دەزگە مرۆیی و مافەوانییەکان کرد، خێرا هەنگاوبنێن و ناوەندەکانی حەواندنەوەو نشتەجێکردنی هێمن دابین بکەن و کەرەستەو کەلوپەلی گەرمکردنەوەو فریاگوزاریی بەڕێژەی زۆر و پێویست بێننەنێو غەززەو کەسانێک کە لەو دەڤەرەدا ماونەوە، ڕزگاربکەن. 

ئەوە لەکاتێکدایە کە سوپای رژێمی زایۆنیستی لە رۆژی یەکشەممەوە بە پەلاماردانی ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە، هەروا درێژەدەدا بە پێشێلکردنی ئاگربڕە لاوازەکە کە بەهۆیەوە، چەندین فەلەستینی شەهیدبوونە. سندوقی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە یونیسێف لە غەززەش ڕایگەیاندووە، لە دەسپێکی ئاگربڕ لە غەززە زیاتر لە سەت منداڵی فەلەستینی لە غەززە شەهیدبوون کە ژمارێکیان لەئەنجامی پەلاماری درۆنیی رژێمی زایۆنی گیانیان لەدەست داوە. دەسدرێژکاریی رژێمی زایۆنیستی لە کەرتی غەززە بەپاڵپشتیی ئەمریکا جگە لە ژینۆسایدی فەلەستینیەکان، وێرانییەکی بەرفراوانی لێکەوتەوە کە بووەهۆی لەناوچوونی سەتا٩٠ی ژێرخانەکانی کەرتی غەززەو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، تێچووی بنیات نانەوەی ئەو خەسار و زیانانەی نزیک بە ٧٠ ملیار دۆلار مەزەندە کردووە.

سەرپەیڤ